ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ وەفده‌ باڵاكه‌ى عێراق ده‌گاته‌ هه‌ولێر

کوردستان

07/09/2024‌ 8304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری عێراق ئاشكرایكرد، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە وەفدێکی ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراق سەردانی هەولێر بکات‌و لەگەڵ بەرپرسانی باڵاى حکومەتی ھەرێم لەسەر کێشە ھەڵپەسێردراوەکان گفتوگۆ دەکەن.


ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری عێراق ڕاگەیەندراوێکى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"ئێوارەی ئەمڕۆ وه‌فدێكى باڵا بەسەرۆکایەتی فوئاد حسێن‌و بەئەندامێتی ژمارەیەکی زۆر لەلێپرسراوانی حکومەتی فیدراڵ سەردانی ھەرێم دەکەن‌و لەھەولێر زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم ئەنجامدەدەن".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "وه‌فده‌كه‌ى عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دۆسییە ھاوبەشەکان‌و کێشە ھەڵپەسێردراوەکان تاووتوێدەکەن".

ناوى ئه‌ندامانى وه‌فده‌كه‌ى عێراق بریتیه‌ له‌(فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابوری، محەمەد تەمیم جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، ئەسیر داود وەزیری بازرگانی عێراق، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، فەیسەڵ وەسام سەرۆكی دەستەی كاغەزە داراییەكان، عەلی بەهادین بریكاری وەزارەتی نەوت).

به‌گوێره‌ى هه‌واڵى میدیا عێراقیه‌كانیش، بونى وه‌زیرى دارایی ڕاسته‌وخۆ له‌ناو گفتوگۆكان، بۆ چارەسەرى یه‌كجاریى پرسە ئابورییەکانه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدادا.

هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێشتر ڕایگه‌یاندبوو، کۆبونەوەكه‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌و گفتوگۆكانى، بەئامانجی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی هەندێک لەدۆسیە گرنگەکانە کە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقن بەگشتی.