ئاژانسی کەشوهەوای ئەوروپا: هاوینی 2024 گەرمترین هاوین بوە لەمێژودا

جیهان

07/09/2024‌ 2340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی خزمەتگوزاری چاودێریکردنی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس ڕاستییەکی نیگەرانكەر سەبارەت بەبەرزبونەوەی پلەکانی گەرمیی جیهان ئاشکرادەکات، ئەویش ئەوەیە کە هاوینی ئەمساڵ گەرمترین هاوینی نیوەگۆی باکور بوە لەوەتەی تۆمارەکان دەستیانپێکردوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی ئاژانسەکەی سەر بەیەکێتیی ئەوروپا، ئەگەری ئەوە زیاترە کە ساڵی 2024 پێش ساڵی 2023 بکەوێت‌و ببێتە گەرمترین ساڵ کە تۆمارکراوە.

ئەم دیاردەیە ئاماژەیە بۆ زیادبونی کاریگەرییەکانی گەرمبونی جیهان لەسەر کەشوهەوای جیهان، زیادبونی مەترسییەکانی پەیوەست بە کارەساتە سروشتییەکان.

گۆڕانی کەشوهەوا پێشتر کاریگەریی لەسەر زۆرێک لەناوچەکان هەبوە، وەک سودان، کە لافاو زیانێکی بەرفراوانی لێکەوتوەتەوە‌و نەخۆشیەکانیش بڵاوبونەتەوە، ئەم بارودۆخانە ڕەنگدانەوەی پێویستیی بەپەلە هەیە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان‌و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ئاڵنگارییە ژینگەییە.

داتاکانی خزمەتگوزاریی کۆپەرنیکۆس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1940و زانایان بەراوردیان کردوە لەگەڵ داتاکانی تر بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە کە ئەم هاوینە گەرمترین هاوین بوە لەدوای قۆناغی پێش پیشەسازییەوە لەساڵی 1850.