شارپرێس:
وتەبێژی یهكێتى نیشتمانى كوردستان وهڵامى توركیا دهداتهوهو ڕایدهگهیهنێت، "ئێمە نامانەوێت هەڕەشە بین بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ، بەڵام توركیا داوای شتێك دەكات، كە لەلای ئێمە بوونی نییە"، دەشڵێت، "شەڕ دژی توركیا لەسنوری دهۆكو ئامێدییە، بەڵام یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت بهبیانوی بێ بنەما".
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژى یهكێتى لەلێدوانێکدا بۆ میدیاى فەرمى حزبەکەى لەبارەى هێرشەکانى تورکیا بۆسەر حزبەکەى وتى:"یەكێتی نایەوێت هەڕەشە بێت بۆسەر هیچ وڵاتێكی دراوسێی، ئەو تۆمەتانەشی لەبارەی هاوكاریكردنی پەکەکە ئاڕاستەی حزبەکەمان دەكرێت بەهانەی بێماناو بێبەهان، چونكە شەڕ دژی توركیا لەسنوری دهۆكو ئامێدییە، بەڵام یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت".
دەشڵێت، "توركیا تائێستا نەیتوانیوە لەناوشارەكانی خۆیدا چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا بكات، چۆن دەتوانێت داوای چارەسەر لەهەرێمی كوردستان بكات، لەكاتێكدا حكومەتی توركیا توانای مادی زۆرو جۆرەها چەكی پێشكەتوو و بەكارهاتوی هەیە".
باسى لەوەشکردوە، “پێمانوایە شەڕو ڕوبەڕوبونەوە بژاردەیەكی سەركەوتونییە، بۆیە توركیا دەتوانێت بەڕێگەیەكی دیكە كێشەكانی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا چارەسەر بكات".
سەبارەت بەكۆبونەوەی قوباد تاڵەبانیو هاكان فیدان، سهعدى ئهحمهد پیرە وتویەتى، "قوباد تاڵەبانی بەهاكان فیدانى وتوە، ئامادەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ توركیادا، بەڵام ئێوە داوای شتێكمان لێدەكەن، كە بونی نییەو سنورو ناوچەی دەسەڵاتی ئێمە لەتوركیاوە دورە".
وتەبێژى یهكێتى جهختیكردهوه، "ئەوەی بەناوی سەرۆكی توركیاوە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەكەناڵێكی دیاریكراو بڵاوكرایەوە، هەوڵی شكستخواردوی نەیارانی یەكێتییەو بۆ ئێمەش نوێ نییەو یەكێتی لەڕابردودا بەفەرمى وەڵامی سەرۆكی توركیای داوەتەوە".