شارپرێس:
ئاژانسی ههواڵى ڕۆیتەرز ئاشكرایكرد، ئێران ژمارەیەکی زۆر لەموشەکی بالیستی بۆ ڕوسیای هاوپەیمانی دابینکردوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کەوتۆتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوه.
بهگوێرهى ئاژانسى ڕۆیتهرز كه لهزارى سێ سەرچاوەی ئێرانیهوه بڵاویكردۆتهوه، تاران نزیکەی 400 موشەکی بۆ ڕوسیا دابینکردوە، کە زۆربەیان موشەکی بالیستی کورت مەودای "فاتح-110"ن وەک موشەکی زولفیقار.
ههروهك یهكێك لهسەرچاوە ئێرانیهكه وتویهتى:"ڕەوانەکردنی ئەو بارهەڵگرانە لەسەرەتای مانگی کانونی دوەمهوه دەستیپێکردوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەنێوان بەرپرسانی ئێرانیو ڕوسەکان کراوە".
لهلایهكى دیكهشهوه بەرپرسێکی سەربازیی ئێرانى باسى لهوهكردوه، لانیکەم چوار بارهەڵگری موشەک ڕەوانەکراوەو لەچەند هەفتەی داهاتوشدا ڕەوانەکردنی بارهەڵگرەکان زیاتر دەبێتو بەشێک لەموشەکەکانیش بەکەشتی لەدەریای قەزوین ڕەوانەی ڕوسیا کراونو بەشێکی دیکەشیان لەڕێگەی ئاسمانییەوە گواستراونەتەوە.
یهكێك لهسهرچاوه ئێرانیهكان ئاماژهى بهوهداوه، "بارهەڵگرەکان زیاتر دەبێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ شاردنەوەی بابەتەکە، ئێمە دەتوانین چەک هەناردە بکەین بۆ هەر وڵاتێک کە بمانەوێت".
کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکانیش لەسەر هەناردەکردنی هەندێک موشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو تەکنەلۆژیای دیکە لەلایەن ئێرانەوە لە 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو کۆتاییهات، بەڵام بەریتانیاو یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەن سزای پێویست بەسەر بەرنامەی موشەکە بالیستیکیەکانی ئێراندا بسەپێنرێت، چونکە مەترسی هەیە لەسەر هەناردەکردنی چەکو تەقەمەنی بۆ لایەنگرەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ڕوسیا.
لاى خۆیشیهوه جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەکۆشکی سپی لەسەرەتای مانگی کانونی دوەمدا ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا نیگەرانە لەوەی مۆسکۆ جگە لەو موشەکانەی کە پێشتر لەکۆریای باکور بەدەستیهێناوە، نزیکە لەوەی موشەکی بالیستیکی کورت مەودا لەتاران بەدەستبهێنێت.