شارپرێس:
سەرچاوەیەکی تایبەتمەند لەئەندازیاری سەرچاوە ئاوییەکان کارتێکی هەڕەشەی گەورەی ئاشکراکردوە کە حکومەتی عێراق بەدەستییەوەیەتی دەتوانێت دژی تورکیا بەکاریبهێنێت، هاوکات جەختی لەوەکردۆتەوە، بەکارهێنانی ئەو کارتە ئەنكەرە ناچار دەکات دانوستان بکات بۆ بەردانەوەی بەشە ئاوی تەواوی عێراق.
ئەو سەرچاوەیە لەلێدوانێکدا بەپێگەی "تۆڕی هەواڵی عێراقی" ڕاگەیاندوە، گرتنەبەری هەنگاوی هەڵکەندنی بیری زەبەلاح لەسەر سنورەکانی عێراقو تورکیا، لە ناوچەکانی نزیک ئەو بەنداوانەی کە تورکیا کار بۆ دروستکردنیان دەکات، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی قەیرانی بڕینی ئاو لەلایەن تورکیاوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەڵکەندنی بیرەکان بەشێوازی زانستییو ئەندازیاریی ئەنجامدەدرێت کە 100% سەرکەوتون.
لەدرێژەی قسەکانیدا ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردوە، هەڵکەندنی بیر دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی بەنداوەکانی تورکیا، بەتایبەتی بەنداوی ئەتاتورک کە ئەنكەرە بۆ بڕینی ئاوی عێراق بەکاریدەهێنێت، دەشڵێت:"دەکرێت ئەم کارتە کاتێک بەکاربهێنرێت کە هەموو کارتە سیاسییو ئابورییەکان لەگەڵ تورکیا سەرکەوتوو نەبون".
هەروەک دەشڵێت:"هەڵکەندنی ئەو بیرە زبەلاحانە کارتێکی هەڕەشەی بەهێزە دژ بەتورکیاو بەهۆیەوە ئاوێکی زۆر دەڕژێتە عێراقەوە کە بەشێوەیەکی کارەساتبار ڕێژەی ئاوی کەمیکردوە، بەکارهێنانی ئەو کارتە ئەنکەرە ناچار دەکات لەبارەی بەشە ئاوی عێراق دانوستان لەگەڵ بەغدا بکاتو ڕێژەی بەردانەوەی ئاو دوو هێندە بکات".