شارپرێس
سەرۆکی دەستەی وبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکاری تازە بۆ تاپۆکردنی
یەکەکانی نیشتەجێبوون دەرچووە و ئاسانکاری زۆر باش دەکات بۆ تاپۆکردن و دەشڵێت: ھەفتەی
داھاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بە سایتى پارتى
ڕاگەیاندووە، لیژنەی ھاوبەشی وەبەرھێنان و
شارەوانی و تاپۆ لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پێکھاتوون و ماوەی دوو ساڵە کار دەکەن
بۆ ئەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکەن، لیژنەکان کاری زۆر باشیان ئەنجامداوە و مانگانە چەند ھەزار یەکەیەک
تاپۆ دەکەن،.
باسی لەوەشکرد، جگە لەوە ھەر پڕۆژەیەکی وەبەرھێنانیش ٦٠%ی تەواوکرابێت ئەوانیش
تاپۆ دەکرێن بۆ ئەوەی نەتوانرێت لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
کڕین و فرۆشتنی پێبکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکاریەکان نەبێت.
سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان وتیشى: لەو بڕیارە مەبەستمانە ئەو خەڵکەی ئەو یەکانە
دەکڕن تاپۆی خۆیان ھەبێت و لەسەر ناوی خۆیان بێت، بۆ ئەوەی چیتر گرێبەست نەبێت و
ببێتە تاپۆ و بکەوێتە سەر ناوی خۆیان، چونکە لە ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان
ڕێکارەکانی تاپۆکردنیش گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و ئاسانکاری زیاتر دەکرێت و ھەفتەی
داھاتوو جێبەجێ دەکرێت، ئاسانکاری زۆریش بۆ لیژنەکان دەکات بۆ ئەوەی یەکەکان لەسەر ناوی خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن.