سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەستورین و ھیچ لایەنێکی فەرمیش نییە کە بیەوێت ئەو دەسەڵاتانەی لێ وەربگرێتەوە.
لەتیف ڕەشید بە کەناڵی "حەدەس"ی راگەیاند، وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکان لە ھەرێمی کوردستان رێی تێناچێت، چونکە دەستورین و ھیچ لایەنێکیش نییە بیەوێت ئەو کارە بکات.
سەرۆک کۆماری عێراق ڕاشیگەیاند، دانوستانەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
هەروەها سەرۆک کۆمار وتی ناتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پشتگوێ بخەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا باشە.
لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد، دژی پێشێلکاریی ئەمنیین لە وڵات جا لە ھەرلایەنێکەوە بێت بە تورکیاشەوە، گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.