شارپرێس:
مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، یاسادانەرانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتیی دەکەن ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردن دژی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەربکرێت .
بەگوێرەی بەیاننامەکەی جۆنسن، داواکارییەکەی داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژی نەتانیاهۆ، لەئەنجامی ئەو "هەڵمەتی فشارە دژ بەئیسرائیل" بوە کە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە خراوەتەسەری.
جۆنسۆن هەروەک وتویەتی:"لەغیابی سەرکردایەتیی کۆشکی سپیدا، کۆنگرێس بیر لەهەموو بژاردەکان دەکاتەوە، بەسزاکانیشەوە، بۆ سزادانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییو دڵنیابون لەوەی کە سەرکردایەتییەکەی ڕوبەڕوی لێکەوتەکان دەبێتەوە ئەگەر [بەفەرمانی دەستگیرکردن] بەرەوپێشەوە بچێت".
پێشتر کەریم خان داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی داوای لەژوری بەرایی دادگا کردبوو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس دەربکات، هەروەک لەدژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆو وەزیری بەرگری ئیسرائیل یۆئاڤ گالانت فەرمانی دەستگیرکردن دەربکات.
لەلێدوانەکەی خاندا هاتوە:"داواکاری گشتیی "هۆکاری لۆژیکی هەیە بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە یەحیا سینوار سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لەکەرتی غەززە، محەمەد زەیف سەرۆکی باڵی سەربازیی بزوتنەوەکەو ئیسماعیل هەنیەی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، هەروەک بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلو یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری بەرپرسە لەتاوانەکانی جەنگو تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی کە لەخاکەکانی ئیسرائیلو فەڵەستین (لەکەرتی غەززە) ئەنجامدراون، تا 8ی تشرینی یەکەمی 2023".