ترێ بخۆن زۆر به‌سوده‌

تەندروستی

25/06/2024‌ 872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانایانی زانکۆی وێستەرن نیو ئینگلاند لەڕێگای لێکۆڵینەوەیەکی نوێوە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە خواردنی ترێ تێکڕای تەمەنی مرۆڤ بۆ 4-5 ساڵ درێژدەکاتەوە.


پێگەی BristolLive ئاماژە بەوەدەکات، توێژەران لەئەنجامی ئەو تاقیکارییانەی کە لەسەر مشکی تاقیگەیی ئەنجامیانداوە گەیشتونەتە ئەم ئەنجامە، کە سەرەتا خۆراکی دەوڵەمەند بەچەورییان پێدراوە، دواتر ژەمێکی تۆزی ترێیان پێدراوە کە هاوتایە لەگەڵ سەبەتەیەک میوەی ترێ.

دەرئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە لەچاوەڕوانی توێژەران زیاتربوو، بەشێوەیەک بڕی چەوریی لەجگەری مشکدا کەمبووەوە، هەروەک تەمەنیان زیادبوو بەبەراورد بەو مشکانەی ترێیان نەخوارد.

بەوتەی توێژەران، نهێنییەکە ئەوەیە کە ئاوی ترێ چەوریی پاڵاوتەو شەکر لەخۆراکە پرۆسێس کراوەکاندا لادەبات، بۆیە کاتێک ئەنجامی تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ بەکاردەهێنرێت، خواردنی ترێ دەتوانێت تێکڕای تەمەنی مرۆڤ پێنج ساڵ زیادبکات.

توێژەران ئاماژە بەوەدەکەن، ترێ میتابۆلیزم خێراتر دەکات‌و یارمەتیی سوتاندنی کالۆریی دەدات‌و کارکردنی خانەکانی دەمار باشتر دەکات‌و لەنەخۆشیی زەهایمەر دەیپارێزێت.

میوەی ترێ دژە ئۆکسانی تێدایە کە هەوکردن کەمدەکاتەوەو ئەگەری توشبون بە نەخۆشییەکانی دڵ‌و خوێنبەرەکان‌و شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.

ترێ بەهۆی هەڵگرتنی دژە ئۆکسێنەرو ڤیتامینەکانیەوە، بەشێوەیەکی کاریگەر خانەو شانەکانی جەستە لەتێکچون‌و پیربونی پێشوەختە دەپارێزێت، هەروەک یارمەتیی پاراستنی بینین دەدات.

و: ئاکۆ ئاڵی