حەسەن زیرەك قوتابخانەی تایبەتی هونەری كوردی

هەمەڕەنگ

27/06/2024‌ 573 جار خوێندراوه‌ته‌وه



حەسەن عەبدوڵڵا ناسراو بە حەسەن زیرەك لە  ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە.

حەسەن زیرەك  بە بەناوبانگترین ھونەرمەندی كورد لە تەواوی كوردستان دادەنرێت. بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینەیەك لە ئاواز و گۆرانی تۆماركراویی كوردییە بە دەنگی خۆی كە ژمارەیان لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ گۆرانییە.

ھەرچەندە حەسەن زیرەك بەھۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە سوودی لە خوێندن وەرنەگرت و بڕوانامەی نەبووە، بەڵام بەھرەیەكی ناوازەی ھەبوو لە ئاوازدانان‌و شێعر و مۆسیقای كوردیدا، ئەم بەھرەیە لەگەڵ دەنگە ناوازەكەی، گۆرانییەكانی لە سەرانسەری كوردستان جێ بایەخ كردووە. دەنگە كوردییەكەی تا ئێستاش لە ناوچە كوردنشینەكان بە تایبەت لە ڕۆژھەڵات و باشووری كوردستان لە كوچە و كۆڵانەكان لە ماڵ و سەیرانگا و ئاھەنگەكان دەبیسترێت و هونەرمەندان و كادیمیانی هونەری كوردی كاری لەسەردەكەن.

حەسەن زیرەك جگە لە زمانی كوردیی، بە زمانەكانی فارسی، توركی، ئازەری، ئەرمەنی گۆرانی گوتووە و خاوەنی ٣ مەقامە بە زمانی توركی، ٨ مەقام بە فارسی، هەروەها جگە لە زاراوەی سۆرانی بەلوڕیش گۆرانی گوتووە و ٢ مەقامیشی بە ھەورامی هەیە.

زیرەك لەگەڵ ئۆركێستراكانی مۆسیقای كوردیی برایانی یوسف زەمانی، ئۆركێسترای موشیر ھومایۆن شەھرەدار لە تاران و ئۆركێسترای موجتەبا میرزادە لە كرماشان گۆرانی پێشكەش كردووە.

زیرەك لە رادیۆی كوردی بەغدا 56 گۆرانی و لە لە ڕادیۆكانی كرماشان و تاران 400 گۆرانی تۆماركردووە، زیرەك سەردانی ڕادیۆكانی تەورێز، سنە و مەھابادیشی كردووە و گۆرانی لێ تۆمار كردون.

هونەرمەندی بەنێوبانگی كورد عەلی مەردان دەربارەی حەسەن زیرەك دەڵێت: حەسەن زیرەك مرد، من ھێزی گۆرانی گوتنم نەما، نەمویست بچمەوە نێو كاری ھونەری؛ نەك ھەر من، بەڵكو لە ھەموو گەلی كورد ڕۆیشت. حەسەن زۆر ڕێزی دەگرتم، كە چوومە ئێران خۆی و ھاوسەرەكەی منیان بردە ماڵی خۆیان و چەندین شەو میوانداریان كردم و خزمەتیان دەكردم، لە وێنەی حەسەن زیرەك كەمە.

موجتەبای میرزادە، كەمانژەن و مۆسیقاژەنی بەناوبانگ كە لە ساڵانی ١٩٦١دا لەھەموو بەرھەمەكانی حەسەن زیرەك لە ئۆركێسترای ڕادیۆی كوردیی كرماشان ژەنیار بووە و ئەو ڕێكی خستووە، لە وتووێژێكدا گوتویەتی: دەبێت بگوترێت كە حەسەن زیرەك ھەرگیز لە مۆسیقای كوردیدا دووبارە نابێتەوە؛ چونكە بەردەوامترین و جوانترین گۆرانی كوردی دروست كردووە، ئێستاش نەك ھەر لە ئێران، بەڵكو تەنانەت لە نێو كوردانی باشوور و سوید و بەشەكانی دیكەی جیھاندا، بەرھەمەكانی و ناو و یادەوەرییەكەی پێگە و ڕێزێكی بەرزیان ھەیە.

حەسەن زیرەك بەنەخۆشی شێرپەنجە لە26ی حوزەیرانی 1972 لە شاری بۆكان كۆچی دوایی كردووە و لە ناڵەشكێنەی ئەو شارە بەخاكسپێردراوە لەسەر وەسێتی خۆی و ئێستا بووەتە مەزارێك و شوێنی سەردانیكارانی هۆگرانی هونەری كوردی و هونەرەكەی زیرەك.