ئاگاداربن ئەمجۆرە خۆراکە توشی کەمخەویتان دەکات

تەندروستی

03/07/2024‌ 1076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوەیەکی فەڕەنسیی کە لەمدواییەدا ئەنجامدراوە دەریخستوە کە خۆراکە زۆر پرۆسێسکراوەکان لەهەندێک کەسدا ڕۆڵیان هەیە لەتوشبون بەکەمخەویی درێژخایەن.


توێژەرانی زانکۆی سۆربۆن لەپاریس لێکۆڵینەوەیان لەو زانیاریانە کردوە کە لە 38 هەزارو 570 کەسی پێگەیشتوو لەچوارچێوەی پڕۆژەی توێژینەوەی “NutriNet-Santé” کۆکراونەتەوە، کە ئەنجامەکانی لە “گۆڤاری ئەکادیمیای خۆراک‌و خۆراکناسییدا”دا بڵاوکراوەتەوە.

توێژەران نەخشەی داتاکانی پەیوەست بەخۆراکی بەشداربوانیان لەگەڵ گۆڕاوەکانی پەیوەست بەشێوازی خەوتنیان داناوە.

توێژەران پەیوەندییەکی ئاماری گرنگیان لەنێوان زیادبونی خواردنی خۆراکی زۆر پرۆسێسکراوو زیادبونی ئەگەری توشبون بەکەمخەوی درێژخایەن دۆزیەوە، دوای ئەوەی هۆکارەکانی وەک تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی-دیمۆگرافییەکان، شێوازی ژیان، کوالێتی خۆراک‌و باری تەندروستیی دەرونیی بەشداربوانی توێژینەوەکەیان لەبەرچاو گرت.

بەگوێرەی پێگەی ساینس ئەلێرت، خۆراکە زۆر پرۆسێسکراوەکان نزیکەی 16%ی کۆی کالۆری ڕۆژانەیان پێکهێناوە کە بەشداربوانی توێژینەوەکە بەکاریانهێناوە .

19.4%ی ئەم بەشداربوانە ڕایانگەیاندوە کە توشی نیشانەکانی کەمخەوی درێژخایەن بون‌و ئاماژە بەوەکراوە، ئەم کۆمەڵە کەسە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەبوە ڕێژەیەکی زیاتر لەخۆراکە زۆر پرۆسێسکراوەکان بخەنە ناو خۆراکەکانیانەوە، بەبەراورد بەباقی بەشداربوان.

هەندێک لەهەمان توێژەران پێشتر پەیوەندییەکیان لەنێوان خۆراکی دەریای ناوەڕاست‌و کەمبونەوەی مەترسیی توشبون بەکەمخەویی دۆزیوەتەوە، بۆیە پێدەچێت ئەم توێژینەوە نوێیە دیوەکەی تری ئەو پەیوەندییە پێشکەشبکات.

و: ئاکۆ ئاڵی