هۆشداریی لەڕوداوێكى مەترسیداری بۆشایی ئاسمان ده‌درێت

هەمەڕەنگ

07/07/2024‌ 2039 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانایان هۆشداریی لەڕوداوی مەترسیداری بۆشایی ئاسمان دەدەن‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، زریانی پرۆتۆنی پەیوەست بەهەڵدانی خۆر، پەیوەستە بەلێکەوتەی زۆر بۆ تەندروستی‌و گەشەسەندنی مرۆڤ، ئەگەر هاوکات بێت لەگەڵ لاوازبونی کێڵگەی موگناتیسی زەوی.


گۆڤاری زانستی Proceedings of the National Academy of Sciences ئاماژە بەوەدەکات، بەگوێرەی توێژەران زریانی پرۆتۆن بریتییە لەڕژێمی تەنۆلکە بارگاوییەکان کە لەئەنجامی هەڵگیرسانی خۆر وزەیەکی بەرچاویان بەدەستهێناوە، بەتایبەتی زریانی بەهێز دەتوانێت چینی ئۆزۆن لەناو ببات، بەڵام لەبارودۆخی ئاساییدا زەوی بەکێڵگەیەکی موگناتیسی دەپارێزرێت، لەمێژوی زەویدا زریانی بەهێزی پرۆتۆن زیاتر لەجارێک لەماوەی کێڵگە موگناتیسییە لاوازەکاندا ڕویانداوە.

توێژەران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی زریانی پڕۆتین بریتین لەمەترسییە تەندروستییەکان‌و گۆڕانە درێژخایەنەکانی کەشوهەواو پەرەسەندن، بۆیە زریانێکی پرۆتۆن لەبارودۆخی کێڵگەیەکی موگناتیسی زۆر لاوازدا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی چینی ئۆزۆن لەسەرتاسەری زەویدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک، ئاستی تیشکی سەروو بنەوشەیی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەبەرزی دەمێنێتەوە، لەکۆتاییدا، زیانەکانی DNA پەیوەست بە UV لەزیندەوەرە زیندوەکاندا بەڕێژەی 40% بۆ 50% زیاد دەکات.

توێژەران ئالان کوپەرو پاڤێل ئارسینۆڤیچین ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌، ڕێکەوتی زریانی پرۆتۆن‌و لاوازی کێڵگەی موگناتیسی زەوی هۆکاری دوبارەبونەوەی گۆڕانکارییەکانی پەرەسەندن بون، لەنێو ئەو ڕوداوانەی کە کاریگەری تیشکدانەوەیان لەسەرە، بەبڕوای ئەوان؛ سەرهەڵدانی زیندەوەرە فرە خانەییەکان، گەشەکردنی بەرفراوانی ئاژەڵە وشکانییەکان لەسەردەمی کامبرینداو نەمانی نیاندەرتاڵەکان.

ئەو دوو زانایە هۆشداریدەدەن لەمەترسییەکانی پێکەوەگرتنی نوێی کوشندە لەکێڵگەیەکی موگناتیسی لاوازی زەویی‌و زریانێکی بەهێزی پرۆتۆن، وەک ئەوەی پێشتر چەندجارێک ڕویداوە.

مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوش، زەوی بەر زریانێکی موگناتیسی بەهێزی G5 کەوت، کە یەکەم زریان بوو لەدوای ساڵی 2005وە، ئەمەش بوە هۆی دروستبونی ئاورۆرای جەمسەری کە لەناوچە جیاوازەکانەوە بینرا.