مەسرور بارزانی، ئەو سەرۆك وەزیرانەی بەوشەی "موچە" توڕەدەبێت

ڕاپۆرت

08/07/2024‌ 443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیدارێکدا لەبارەی مووچەوە دەڵێت: موچەی بێ خاک قیمەتی نیيە.

 

لە چاوپێکەوتنەکەدا مەسرور بارزانی کاتێك پرسیاری مووچەیان لێکرد بە توڕەییەوە وەڵامیدایەوە و ڕایگەیاند، موچە بێ کەرامەت قیمەتی نیە... ئەوەش یەکەمجار نییە مەسرور بارزانی لە پرسی موچەدا بە تووڕەیی قسەبکات، بەڵکو هەر جارێك باس لەو پرسە بکرێت وەك منەتێك بەسەر فەرمانبەران، مەسرور بارزانی قسەدەکات..

پرسی موچە لە چاوپێکەوتنەکەی مەسرور بارزانی تەوەرێکی سەرەکی بوو، سەرۆك وەزیران وتی "لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ گەیشتووینەتە تێگەیشتنی هاوبەش و بەردەوام دەبین، مووچە دەکەوێتە سەر ڕێچکەی خۆی و پەنا بەخوا چیتر نابێتە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاکان". ئەو قسانەش لەکاتێکدایە تا ئێستا پرسی موچە هەر وەك هەواڵ ماوەتەوە و موچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان هێشتا نەدراوە.

لەسەر بایکۆتی مامۆستایانیش مەسرور بارزانی وتی، ئەو  مامۆستایانەی كە بایكۆتیان كرد، هیودارم بایکۆت دووبارە نەكەنەوە و مامۆستایان دڵنیا دەكەینەوە قەت مافەكانیان نافەوتێت...

سەبارەت بە کۆچکردنی گەنجان بەهۆی نەبوونی دەرفەرتی کار و بەرنامەی حکومەت بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، سەرۆک وەزیرانی هەرێم هۆکاری بابەتەکەی خستە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکان و وتی، ئەو "قاچاخچی و بازرگانە سیاسییانەی کە ژیانی هاووڵاتیانیان کردووەتە کاڵا بۆ بەرژەوەندیی کەسی خۆیان ئەوان وەک تاوانباری یەکەم لەو بابەتەدا دەناسرێن...

هەرچەندە ڕوون نییە مەبەستی مەسرور بارزانی لە بازرگانی سیاسی چییە، بەڵام ئەوە دانپێدانانێکی ئاشکرابوو بەوەی کەسانێك هەن لەسەروو دەسەڵاتی حکومەتەکەی مەسرور بارزانیەوەن و هۆکاری کۆچی هاووڵاتیانن و ئەویش دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە.