تاوانبارە مەترسیدارەکە کە هەزاران شیعەی کوشتبوو چۆن لەهەولێر دەستگیرکرا؟

ڕاپۆرت

08/07/2024‌ 3020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە هەفتەکانی ڕابردوودا ڕووداوێکی باس نەکراو لە هەولێر ڕوویدا، کەم تا زۆر نە میدیاکان نە لایەنی فەرمی باسیان لێوە نەکرد، ئەویش دەستگیرکردنی یەکێک لە بەرپرسەکانی هەواڵگریی سەردەمی سەدام حسێن بوو، کە دەستی هەبوو لە کوشتنی هەزاران هاووڵاتی شیعە کە لە نێویدا محەمەد باقر سەدر، یەکێك لە دیارترین کەسایەتییە ئاینییەکانی عێراق.


سەعدون سەبری کە بە عەمید نزار ناسراوە، بەرپرسی هۆبەی پێنج بووە لەدەزگای هەواڵگریی ڕژێمی پێشووی عێراق، دوای پڕۆسەی ڕووخانی سەدام حسێن عەمید نزار لەنێوان ئیمارات و ئوردن لە هاتووچۆکردندا دەبێت، بەڵام لە کۆتا جاردا بۆ نوێکردنەوەی بەڵگەنامەکانی لە چەند فەرمانگەیەک، دەگەڕێتەوە عێراق و دەچێتە شاری هەولێر.

دوای کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر عەمید نزار لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە، دەردەکەوێت ناوبراو لە شاری هەولێرە، هەر بۆیە بەغدا بەفەرمی هەرێمی کوردستان لەو تۆمەتبارە ئاگادار دەکاتەوە، بە دیاریکراویش دەزگای هەواڵگریی هەرێمی کوردستان، کە عەمید نزا ڕادەست بکەن، بەڵام وەك سەرچاوەیەك کە بۆ پێگەی "ئینفۆ پڵەس" قسەیکردووە دەڵێت، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بابەتەکەیان دوادەخست و داوایان دەکرد لە هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەمید نزار بکرێت، بەبێ ئەوەی ڕادەستی بکەن.

دوای ئەوەی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو بابەتە ناگەنە ڕێککەوتن، دەزگای ئاسایشی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکدا عەمید نزار دەستگیردەکەن و دەیبەنەوە بەغدا، لەگەڵ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا، عەمید نزار دانی بەوەدا ناوە بە دەستی خۆی محەمەد باقر سەدر و خوشکەکەی بەناوی عەلویە بنت هەدی کوشتووە.

سەعدون سەبری کە ناوە ئەمنییەکەی عەمید نزارە، تا ساڵی 1986 بەرپرسی هۆبەی پێنجی دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە، بەرپرس بووە لە کوشتنی هەزاران کەسی بێتاوانی شیعە و سوننە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 عەمید نزار هەڵات، بەڵام دواتر بەر لێبووردنی سەدام حسێن کەوت و تا کەوتنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 بەرپرسی ئاسایشی ئابووریی بووە، دواتر عێراقی جێهێشتووە.

ئێستاش عەمید نزار لەژێر لێکۆڵینەوەی وردی دەزگا ئەمنییەکاندایە و بەمزووانە لە پڕۆسەیەکی دادگایکردندا، وردەکاریی سزاکەی بڵاودەکرێتەوە.