لەچین بەهۆی کەمبونەوەى لەدایکبونی منداڵان، دایەنگه‌کان دەکرێن بەخانەی بەساڵاچوان

هەمەڕەنگ

14/07/2024‌ 1267 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێره‌ى ئامارە فەرمییەکان، سەدان ملیۆن چینی لەدەیەکانی داهاتودا دەچنە ناو تەمەنی پیرییەوە، لەوڵاتێکدا کە بەدەست دابەزینی درێژخایەنی ڕێژەی لەدایکبونەوە دەناڵێنێت، هەروەک هەزاران دایەنگەو باخچەی ساوایان لەسەرتاسەری وڵاتدا بەهۆی وەرنەگرتنی ژمارەی پێویستی منداڵانەوە دادەخرێن.


دامودەزگای تریش هەن کە دەستیانکردوە بەخۆگونجاندن لەگەڵ ئەم واقیعەدا، لەوانە دامەزراوەیەک لەهەرێمی شانشی کە پێکەنینی منداڵانی بەحیکمەتی کەسانی باساڵاچوو گۆڕیوە.



بەڕێوەبەری دامەزراوەکە لی شیولینگ (تەمەن 56 ساڵ) بەئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، "کێشەکە بەتایبەتیی لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی ژمارەی لەدایکبونی منداڵان ڕونبوەتەوە، لەوبارەیەوە وتویەتی:"کاتێک دایەنگەکەم چۆڵبوو، بیرم لەوەکردەوە کە چۆن بەباشترین شێوە سودی لێ وەربگرم".

دایەنگەکە لەساڵی 2005 دامەزراوە، ساڵانە تا 280 منداڵی وەرگرتوە، پێشئەوەی ساڵی ڕابردوو دەرگاکانی دابخات.

شوێنەکە لەمانگی کانونی دوەمدا بەشێوەیەکی جیاواز لەژێر ناوی "سەرنجی گەنجان" کرایەوە، گۆڕدرا بۆ ناوەندێکی کات بەسەربردن بۆ خانەنشینەکان.

سەنتەرەکە دەکەوێتە پایتەختی پارێزگاکەی یوان‌و پێشوازیی لەنزیکەی 100 کەسی پێگەیشتوو دەکات کە دەیانەوێت فێری مۆسیقاو سەماو چالاکییەکانی دیکە ببن.

لی شیولینگ دەڵێت:"بیرۆکەکە زۆر پێشکەوتوانەیە، ئەوان بۆ بەدیهێنانی هەندێک لەخەونەکانی گەنجی خۆیان هاتون."

ڕاهێنەرێکی نمایشی جلوبەرگ سەرپەرشتی نمایشێکی خانمان دەکات کە قژیان بەوردی ستایل کراوەو جلی تەقلیدی لەبەردایە لەگەڵ چەتری کاغەزی پەمەیی، لەپۆلێکی تردا خوێندکاران لەنیوە بازنەیەکدا دادەنیشن‌و تەپڵی ئەفریقی لێدەدەن بۆ ئەوەی گۆرانییەک بڵێنەوە.