نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى دوو موچه‌ى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

14/07/2024‌ 5500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى ناردنى دوو موچه‌ى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پێشبینیدەکەین ئەم هەفتەیە بەغدا موچەی مانگەکانی ئایارو حوزەیران (مانگه‌كانى 5 و 6)ى هێزە ئەمنییەکان بنێرێت"، ده‌شڵێت:"بۆ چارەسەرکردنی گرفتی موچە، دەبێت لەگەڵ ڕێکارە ئیداریی‌و داراییەکانی حکومەتی فیدراڵی بسازێین".


لیوا ڕوکن بەختیار محەممەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن تیمێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق‌و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی لەلیستەکانی موچەدا کرا، پێشبینده‌كه‌ن ئەم هەفتەیە موچەی مانگی پێنج‌و شەشی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت.

وتیشى:"موچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو جۆرەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو موچەیە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لەداهاتوشدا ئەگەر تێبینییەک لەسەر لیستی موچە هەبێت، لەمانگی حەوت‌و هەشتەوە کاری لەسەردەکرێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "وەزارەتمان لەسەر لیستی موچەخۆرانی، سەرجەم ئەو داتاو زانیارییانەی خستوەتەڕوو کە حکومەتی فیدراڵی داوایکردبوو؛ تائێستاش لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، شتێک داوانەکراوە کە جێبەجێمان نەکردبێت، بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی موچەی هێزە ئەمنییەکان، دەبێت دامەزراوە چاودێری، دارایی‌و ئیدارییەکانی هەرێم سازانیان لەگەڵ ڕێنوێنییە ئیدارییەکانی بەغدا هەبێت".