خەونی سەرۆکایەتی و سیناریۆ لە جەمال عەبدولناسرەوە بۆ دۆنالد ترامپ

مەلەفی تایبەت

15/07/2024‌ 547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دکتۆر ئەحمە فاتح محەمەد

 
ساڵی ١٩٥٤ جەمال عەبدولناسر لە مەنشیەت ئەلبەکری لەکاتێکدا وتارێکی پێشکەش بەجەماوەر دەکرد، لەوساتەوەختانەدا تەقە بە ئاڕاستەی سەکۆی وتارەکەی جەمال عەبدولناسر کرا، بەڵام هەوڵەکە شکستی خوارد و مەحمود عەبدول لەتیف کەئەندامی دەستەی سەربازی ئیخوان موسلمین بوو لەنێو جەماوەری خرۆشاودا دەستگیرکرا و ڕادەستی لایەنی ئەمنی کرا، دواتریش بەبڕیاری دادگا لەسێدارەدرا. ئەگەرچی تا ئێستاش ئیخوان موسلمین ئەم هەوڵە بە سیناریۆی عەبدولناسر دەزانن. دیارە لێرەدا مەبەستم ئەوەنییە باس لەوە بکەم کە ئەمە سیناریۆییە یاخود نا، بەڵکو دەمەوێت یەکانگیریی بکەم لەگەڵ هەوڵە شکستخواردوەکەی تۆماس کرۆکس کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ۱۳ی تەمووزی ٢٠٢٤ لە بنسلڤانیا تەقەی لەترامپ کرد و سەرەنجام کرۆکس خۆی تیایدا کوژرا. کرۆکس گەنجێکی تەمەن ۲٠ ساڵ و ئەندامی پارتی کۆماری؛ واتە پارتەکەی دۆناڵد ترامپ بوو، لە ویلایەتیکی دەوڵەمەند.

سیناریۆ یان هەوڵی تیرۆرکردن
پێش هەوڵە شکستخواردووەکەی عەبدولناسر، ساڵی ١٩٤٨ باڵی سەربازی ئیخوان موسلمین محمود نوقراشی پاشا و سەرۆکوەزیرانی میسریان تیرۆرکرد، بۆیە هەمیشەش جەمال عەبدولناسر لە بۆسەدا بوو بۆ ئیخوان موسلمین، ئەوەی باوە و بەڵگەدارە ئیخوان هەوڵی تیرۆرکردنی عەبدولناسریان دا. بەڵام سەبارەت بەترامپ دەبینین گەنجێکی تەمەن ۲٠ ساڵ و ئەندامی پارتی کۆمارییەکانە هەوڵێکی تیرۆرکردنی شکستخواردوو دەدات. ئەوەی زانراوە کرۆکس لەڤیدیۆییەکادا لە پلاتفۆرمی X ی تایبەت بەخۆی بڵاوی کردۆتەوە و دەڵێت: (ترامپ وکۆمارییەکانم ـ م خۆش ناوێت). ئەگەرچی هەندێک زانیاریی هەیە گوایە کرۆکس سەر بەڕێکخراویی ئانتیفاییە، ئەم ڕێکخراوە بزوتنەوەیەکی چەپ و دژە فاشیزم و نازیزمە.
 
‎ترامپ و رێکخرای ئانتیفا
ساڵی ۲٠۲٠ کاتێک جۆرج فلۆید هاوڵاتی ڕەش پێست لەسەر دەستی پۆلیسی ئەمریکا کوژرا، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دروست بوو، لێرەدا ترامپ و ڕاوێژکارەکانی ئەم بزوتنەوەیەیان بە پەلاماردان و سوتاندن لە ئەمریکا تۆمەتبارکرد، تەنانەت ترامپ لەلێدوانێکیدا دەڵێت ئانتیفا بزوتنەوەیەکی تیرۆریستییە و دەبێت بە یاسای تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش هێندەی دیکە ناڕەزایەتییەکانی بەهێزتر کرد، بەڵام دادگای ئەمریکی نەچووە ژێرباری ئەم جۆرە مامەڵەیەی ترامپ و بە کارێکی نادەستورییان لە قەڵەم دا.

‎لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا دیار نییە ئایا ئانتیفا لەم هەوڵەدا تێوەگلاوە یاخود نا، چونکە بکەری هەوڵەکە کوژراوە و بزوتنەوەکەش هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە. بۆیە دەکرێت چاوەڕوانی ڕۆژانی ئایندە بین بۆ  ئەوەی ڕاستی و دروستی بابەتەکە ڕوون ببێتەوە.
 
‎خەونی عەبدولناسر و ترامپ
عەبدولناسر حەزێکی زۆری بۆ دەسەڵات هەبوو، تەنانەت هەموو هاوڕێیەکانی خۆی پاکتاوکرد تا ببێتە سەرۆکێکی هەمیشەیی، تا نەشمرد کورسی دەسەڵاتی جێنەهێشت. هەروەها ترامپ ـ یش بەهەمان ئەندازەی ناسر حەزی لە دەسەڵاتە، بۆیە دوای شکستی لە هەڵبژاردنەکانی ۲٠۲٠ دەبینین ئامادە نابێت دەسەڵات ڕادەست بکات و هانی لایەنگرانی دەدات پەلاماری کۆنگرێس و دامەزراوەکانی دیکە بدەن. بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ژینگەی میسر و ئەمریکادا، ئەگەر کارەکە بۆ ناسر چوبێتە سەر لە سایەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریزمەوە، بەڵام ئایا بۆ ترامپ ئەم کارە چۆن دەچێتە سەر؟!

‎بێگومان ئەمریکا وڵاتی دەستور و یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە، کارێکی قورس دەبێت بیر لەو سیناریۆییانە بکاتەوە، ئەگەرچی هیچ کارێکیش بەدوور نازانرێت، ئەوەی هەیە دەبێت بپرسین کرۆکس چۆن بەئاسانی تەقەی کرد و نەیپێکا؟!  پاشان ڕاستەوخۆ ئەو گەنجە چەکدارێکی هێندە پیشەگەر و مەترسیدار نەبووە ڕاستەوخۆ بکوژرێت و تەواوی نهێنییەکان لەگەڵ خۆییدا بباتە ژێر خاک. هەرچەندە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕەنگە کرۆکس گورگێکی تەنها بووبێت، ئەگەرچی ئاراستەی تەقەکان مەبەستداربووە، بەڵام ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت دەروونی ئەمریکییەکان لە چ دۆخێکی بێ هیواییدان و قوڵایی سیاسی و ئاینیی و فەرهەنگییان قوڵتر دەبێتەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە هەندێک ئاماژەی سەیر لە پارتی کۆماری ـ ش بەدی دەکەین، کاتێک دەڵێن: لە دوای هەوڵە تیرۆریستییەکەی بەرامبەر ترامپ پێویستە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون بکشێنرێتەوە! ئەمەش بەشێکە لە جەنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بەڕێوە دەچێت، ترامپ ئەم هەوڵانە دەقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی خۆی. هەروەک چۆن ڕیگان لەساڵی ١٩٨١ ڕووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆریستی بوویەوە، بەڵام بە سەلامەتی لێی قوتاربوو، پاشانیش کێرڤی دەنگەکانی بەرزبوویەوە، ڕەنگە بۆ ترامپیش ئەمە ڕاست بێت.
 
‎جەنگی ئۆکرانیا و غەززە و خەونی ئەمریکا
لە پاڵ خەونە ئەبەدییەکەی ترامپدا بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆماری زلهێزترین وڵات، بەڵام بیرمان نەچێت دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە  ئێستادا هەردوو کاندیدی دیموکراتی و کۆماری بایدن و ترامپ، بەدوو کاندید و کەسایەتی لاواز دەبینن کە شایستەی ئەوە نین ببنە سەرۆک.

‎جۆرج فریدمان دەڵێت: کێشەگەلێکی ئەخلاقی و ئاینی و فەرهەنگی جەستەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای هەلا هەلا کردووە و بەردەوامیش ئەم جەستەیە وێرانتر دەبێت، هەروەها دەڵێت: هەر سەرۆکێکی تازە دەیەوێت هیوا ببەخشێتە هاوڵاتییان، بەڵام ئەوەی هەیە ئەوەیە ئەمریکا بەرەو شکست دەچێت.

‎لە ئێستادا جەنگی ئۆکرانیا وغەززەش دووبابەتی هەستیار و گرینگی پەتای هەڵبژاردنەکانن، ترامپ دەڵێت من سەرۆک بومایە جەنگ لەغەززە ڕووینەدەدا هەروەک چۆن ئاماژەش بەوە دەدات جەنگ لە ئۆکرانیا بەرپا نەدەبوو، ئەم دوو لێدوانە ڕەنگە بە دڵی نیولیبرالیزمی ئەمریکیی و ئیدارەی قوڵی ئەمریکا نەبێت. چونکە دەبینین ڕاستەوخۆ ڕوسیا پێش هەموو وڵاتان ئیدانەی هێرشکردنە سەر ترامپی کرد.