توركیا سنوورەكان دادەڕێژێتەوە و بەغدا جووڵە بەهێز دەكات

ڕاپۆرت

15/07/2024‌ 2045 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تەمموزی 2024، ئاراس عەزیز شارەزای كاروباری سەربازی ڕایگەیاند، ئەوەی توركیا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەیكات، سەرەتای دیاریكردنی سنوورە نوێیەكانە.

عەزیز لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ "بەغداد ئەلیەم" ڕوونیكردەوە "ئەو لەشكركێشی و فراوانكردنەی كە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە لە ناوچەكانی مەتینا و ئامێدی لە دهۆك ئەنجامدراوە، سەرەتای فراوانبوونێكی نوێیە، ئەو سنوورەش بە ئاسانی ناگەڕێنەوە".

دەشڵێت "هێرشەكانی ئێستای توركیا سەرەتای فراوانبوونێكی نوێیە، بەو پێیەی ئەمڕۆ خەریكە تونێل و بنكەی سەربازی نوێ دروست دەكات. ڕوونە ئەم ئۆپەراسیۆنە، ئامانجیشی گەورەتر و فراوانتری هەیە."

دوێنێ یەكشەممە (١٤ی تەمموزی ٢٠٢٤)، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، عەلی بەندراوی، ڕایگەیاند، "هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و پاراستنی خەڵك و موڵك و ماڵی بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانییە، چونكە خەمی ئێمە بۆ هەرێم هەمان خەمی هەرێمەكانی باشوور و ناوەڕاست و باقی ناوچەكانی دیكەی وڵاتە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، "هاوكاری نێوان بەغدا و هەولێر لە مەلەفی ئەمنی و دەستەبەركردنی سنوور لەگەڵ توركیا پێویستییەكی ستراتیژییە و ئەو بابەتەش چەند جارێك لە ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ كرا"، دەشڵێت 300 كیلۆمەتر ناوچەی نیمچە ناجێگیر لەگەڵ توركیا هەیە كە هیچ سەربازێك لەخۆناگرێت، زۆر ئاڵۆزی هەیە.

بەندراوی ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە ڕێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و هەولێر هەبێت كە ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی هێزە فیدراڵیە هاوبەشەكان بدات بۆ پاراستنی هەرێم و مسۆگەركردنی سنوورەكانی دەرەوە بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی خەڵك و موڵك و ماڵی خۆیان".

ئەوە لەكاتێكدایە یەشار گولەر وەزیری بەرگری توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری پۆلۆتیكۆی ئەمەریكی ئاشكرایكردبوو ئەنقەرە پلانی هەیە رێڕەوێكی 30 بۆ 40 كیلۆمەتری لەگەڵ سنوورەكانی عێراق و سوریا دروست بكات.

گفتوگۆكانی ئەنقەرە و بەغدا دەمێكە لەسەر كێشەی سنوورەكان بەردەوامی هەیە بەگوتەی چاودێران ئەم ئۆپەراسیۆنە دەرئەنجامی ئەو لێكتێگەیشتن و رێككەوتنانەیە.
بەغدا دەیەوێت كۆتایی بە گووشارەكانی توركیا بۆ سەری بهێنێت لەلایەكەوە، لەلایەكی دیكەشەوە دەیەوێت هەژموونی زیاتری خۆی بەسەر هەرێمی كوردستان بكات وەك چۆن توانی لەرێگای رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ ئێران بیكات.

لەوبارەیەوە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دووپاتیكردەوە كە حكومەتی عێراق بە دوای دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە و كۆتاییدایە بۆ كێشەی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لە وڵاتدا، ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق دەیەوێت ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران دووبارە بكاتەوە لەگەڵ لایەنی توركی.

ئەندامی لیژنەكە عامر فایز ڕایگەیاند، “عێراق خواستی ئەوەی هەیە ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران لەگەڵ لایەنی توركیا دووبارە بكاتەوە، بە دوورخستنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنوورەكان و سەندنەوەی چەك لێی، هەروەها كردەوەی عێراقیش لەمبارەوە هەیە، وەك ئەوەی عێراق دەیەوێت بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری ئاسایشی وڵاتەكەی و ڕێگریكردن لە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە لایەن هەر لایەنێكی دەرەكی یان ناوخۆییەوە هەر بۆیە وەسفی حزبی قەدەغەكراوی داوە بە پارتی كرێكارانی كوردستان”.
  
دواجار بەغدا لە هەوڵی ئەوەدایە لە رێگای رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران و توركیا هێزی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ تەواوی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێران و سنوورەكان كۆنترۆڵ بكات، بەڵام ئەم ئامانجەی بەغدا رێژەیەكی بەدی دێت، بەڵام بەتەواوی بەدی نایەت وەك شارەزایانی بوارەكە دەڵێن.

لە ماوەی رابردوودا كاربەدەستانی بەغدا ئاشكرایانكردبوو هێزەكانیان چوونە چەند خاڵێكی سنووری نێوان عێراق و ئێران لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵانێكی زۆرەوە.