به‌غدا دوو موچه‌ى ڕه‌وانه‌كردو سبه‌ینێ ده‌ست به‌دابه‌شكردنى ده‌كرێت

کوردستان

16/07/2024‌ 8391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرایكردوه‌، موچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نێردراوەو ئێستا پارەکە لەسەر هەژماری هەرێمی کوردستانە، ده‌شڵێت:"ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ى تائێستا موچه‌ى مانگه‌كانى پێنج‌و شه‌شیان وه‌رنه‌گرتوه‌، هه‌ردوو موچه‌كه‌یان به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ پێده‌درێت".


لاى خۆیشیه‌وه‌ وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، 676 ملیارو 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی موچەی هەردوو مانگی ئایارو حوزەیران (پێنج‌و شەش)ی هێزەکانی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم؛ خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

سەرچاوەیه‌كیش له‌وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، بڕیاروایه‌ سبەینێ چوارشەممە 17ی تەمموزی 2024، دەست بەدابەشکردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆو ئاسایش بکرێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ زیاتر له‌100 ڕۆژ تێپه‌ڕیوه‌، به‌شێك له‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان‌و پێشمه‌رگه‌ ته‌نها موچه‌ى مانگى چواریان وه‌رگرتوه‌.