عێراق لەژێر گوشاری ئەمریکا مامەڵەکردن بەیوانی چینی ڕاگرت

لە میدیاکانەوە

16/07/2024‌ 3435 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر ناونیشانی "عێراق لەژێر فشاری ئەمریکادا مامەڵەکردن بەیوانی چینی ڕادەگرێت"، ماڵپەڕی ئینتلی نیوز بڵاویکردوه‌تەوە، بانکی ناوەندیی عێراق مامەڵەی بەیوانی چینی ڕاگرتوە، دوای ئەوەی بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا عێراقی تۆمەتبارکرد بەهەڵئاوسانی حەواڵە.


لەڕاپۆرتێكدا ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئاماژەى بەوەكردوه‌، ڕەنگە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلارو زیادبونی هەڵاوسان، ئەمەش کاریگەری نەرێنیی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردوە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەردانێکی ڕانەگەیەندراو بۆ ئەمریکا دەکات بۆ تاووتوێکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا، کە هاوکاتە لەگەڵ بازدانێکی بەرچاو لەنرخی دۆلار بەرامبەر دینار دوای دوو مانگ لەسەردانەکەی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا.

ماڵپەڕەکە دەڵێت، "شارەزایانی ئابوریی پێیانوایە وەستاندنی مامەڵەکردن بەیوانی چینی هەنگاوێکی سەرکەوتوانە نییە بەلەبەرچاوگرتنی قەبارەی گەورەی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چین کە 65 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە".

هاوکات پێشبینیدەکەن، خواست لەسەر دۆلار زیاد بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلارو زیادبونی هەڵاوسان، بەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر باری ئابوریی خێزانی عێراقیی دەبێت.

هەروەک دەڵێت:"ئەو پسپۆڕانە چەند ڕێگەچارەیەکیان بۆ بانکی ناوەندیی عێراق پێشنیازکردوە، لەوانە دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان حەواڵەو دەروازە سنورییەکان، گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی نوێ بۆ ڕۆیشتنی حەواڵە، هەروەک گواستنەوەی دۆلار لەبری یوانی چینی لەڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە، هەرچەندە ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی بانکەکان کۆنترۆڵی پەنجەرەی دراو بکەن‌و نزیکەی بەتەواوەتیی سیستەمی بانکیی عێراقی بوەستێت".