شارپرێس زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى هاوكاریه‌كى هاوپه‌یمانان بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

17/07/2024‌ 7637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ڕێكه‌وتنى هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم‌و عێراق له‌باره‌ى پرسى موچه‌وه‌، بڕیاروایه‌ موچه‌ى ته‌واوى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ دابین بكرێت‌و ئه‌و پاره‌یه‌شى هاوپه‌یمانان ته‌رخانیان كردبوو بۆ ئه‌و پرسه‌، مانگانه‌ به‌شێوه‌ى هاوكاریى به‌و لیوایانه‌ ده‌درێت كه‌ پێشتر پێیاندراوه‌.


بەگوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بەشارپرێس دراوە، جگه‌ له‌موچه‌ى مانگانه‌یان كه‌ بڕیاروایه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دیاریبكرێت، ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌ڕابردودا له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ به‌و لیوایانه‌ ده‌درا، پێدانى ئه‌و پاره‌یه‌ به‌رده‌وامده‌بێت‌و مانگانه‌ وه‌كو هاوكاریى پێیان بدرێت.

له‌و زانیاریانه‌ى به‌شارپرێس دراوه‌، هاوكاریى مانگانه‌ى هاوپەیمانان بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بریتیه‌ له‌ 436 هه‌زار 465 دینار بۆ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك.

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌ى بۆ شارپرێس ڕونكرده‌وه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى پێشتر وه‌ك موچه‌ ده‌درا به‌لیوا یه‌كگرتوه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، لێره‌ به‌دواوه‌ وه‌ك هاوكاری ده‌درێت به‌هێزی پێشمه‌رگه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌موچه‌وه‌ نییه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شى وت:"پێش ڕێككه‌وتنی هه‌ولێرو به‌غدا له‌سه‌ر موچه‌، ئه‌مریكا مانگانه‌ 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلاری وه‌كو پاڵپشتی بۆ موچه‌ی لیوا هاوبه‌شه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خه‌رجده‌كرد، بڕ‌یاره‌ له‌مه‌ودا موچه‌ی ئه‌و لیوایانه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ خه‌رجبكرێت، بۆیه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌كو هاوكاری ده‌درێته‌ پێشمه‌رگه‌".
 
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ 16 لیوای هاوبه‌ش‌و یه‌كگرتوى هه‌یه‌و له‌ژێر هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌ت ڕ‌ێكخراونه‌ته‌وه‌و هاوپه‌یمانان مه‌رجیان بۆ هاوكاریكردنی وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌پێشمه‌رگه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا بێت.