ئەدهەم بارزانی لەبەغداوە دەستی بەجوڵە کرد.. بۆ وەڵامدانەوە پارتی بەنیازی چی بوو؟

کوردستان

17/07/2024‌ 10620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شێخ ئەدهەم بارزانی ئه‌ندامى پێشوى سه‌ركردایه‌تى پارتى‌و یەکێک لەسەرکردەکانی پێشوی ئەو حزبە کە ماوەی چەند ساڵێکە لەحزبەکە دورکەوتوه‌تەوەو ناوبەناو جوڵەیەکی سیاسی‌و میدیایی ئەنجامدەدات، جارێک لەئێران‌و جارێک لەبەغداوە لەگەڵ گەورە بەرپرسان دەردەکەوێت، لەئێستادا سەرقاڵی جوڵەیەکی سیاسی نوێیەو شارپرێس لەزاری سەرچاوەو کەسانی نزیکی شێخ ئەدهەمەوە زانیاری ورد لەسەر جوڵەکانی ئاشکرادەکات.


ئەدهەم بارزانی‌و ژمارەیەک لەچالاکان‌و کەسایەتی دیاری هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دروستکردنی هێزێکی نوێن‌و لەئێستاشدا ناوی هێزەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردوەو لەبەغدای پایتەختی عێراقیش مۆڵەتییان وەک ڕەوتێکی نوێی سیاسی وەرگرتوەو بڕیارە لەڕۆژانی داهاتودا کۆنگرەی هێزەکەش ببەسترێت.

بەگوێره‌ى ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەی تایبەت‌و نزیکی ئەدهەم بارزانییەوە دەست شارپرێس کەوتون، ناوبراو چاوی لەوەیە لەبادینان چڕیی هێزەکەی دەربکەوێت‌و دەیەوێت خەڵکێکی زۆر لەدەوری هێزەکەی کۆببنەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئەدهەم بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کردوەو قسەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق لەسەر ئاستی حزب‌و حکومەت کردوە بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیەتی بۆ گەڕانەوە بۆ بادینان لاببرێن‌و لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بتوانێت بچێتەوە ناوچەکەی خۆیی‌و جوڵەی سیاسی‌و کەمپەینی هەڵبژاردن ئەنجامبدات، ئەمەش لەکاتێکدا کە پارتی لەڕێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرەوە، فەرمانی گرتنی بۆ ناوبراو دەرکردوەو ئێستا یەکێکە لەداواکراوەکانی دادگاو هێزە ئەمنیەکان فەرمانی گرتنی ناوبراویان پێیە.

سەرچاوەیەکی تایبەت‌و نزیک لەئەدهەم بارزانی زانیاری ئەوەشیدایە شارپرێس کە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بڕیاربوە شێخ ئەدهەم بارزانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامبدات‌و هەندێک زانیاری هەستیار ئاشکرابکات، لەبارەی دۆخی هەرێم‌و هەڵبژاردنەوە، بەڵام وەک سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، بەشێک لەکەسایەتی‌و حزبە سیاسیەکانی پەیوەندیدار بەئەدهەم بارزانییەوە داوایان لێکردوە لەئێستادا هیچ نەڵێت‌و قسە بۆ میدیاکان نەکات‌و کاتی قسەکردنی‌و ئاشکراکردنی زانیاریەکانی دوابخات بۆ کاتێکی گونجاوتر، هەر لەبەرئەوەش ئەدهەم بارزانی لەئێستادا ئامادەنییە قسە بۆ میدیاکان بکات.