ورده‌كاریى ئه‌و كێشه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ له‌موچه‌ى هێزه‌كانى 70 دروستبوو

کوردستان

18/07/2024‌ 12744 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت به‌شارپرێس دراوه‌، ئه‌مڕۆ له‌كاتى ناردنى موچه‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌، ته‌نها موچه‌یه‌ك بۆ خانه‌نشینى هێزه‌كانى 70ى پێشمه‌رگه‌ نێردراوه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ورده‌كاریى ئه‌و كێشه‌یه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌هه‌ولێره‌وه‌ پێیان وتراوه‌، هه‌ركات هه‌ژمارى من-یان كرد، ئه‌وا له‌گه‌ڵ موچه‌ى مانگى حه‌وت، موچه‌ى مانگى شه‌شیشیان پێده‌درێت.


دواى ئه‌وه‌ى ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوبوه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌ موچه‌ى ته‌نها مانگى پێنج بۆ هێزه‌كانى 70 ڕه‌وانه‌ كراوه‌، شارپرێس به‌دواداچونى بۆ ئه‌و پرسه‌ كرد، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرسى له‌هێزه‌كانى 70ى پێشمه‌رگه‌ تایبه‌ت بۆ شارپرێس قسه‌یكردو ڕایگه‌یاند، "موچه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ وه‌ك خۆى دوو موچه‌ هاتوه‌و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌".

وتیشى:"به‌ڵام ئه‌وه‌ى كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌هه‌ولێره‌وه‌ بۆ موچه‌ى خانه‌نشینانى هێزه‌كانى 70، ته‌نها موچه‌ى مانگى پێنج هاتوه‌و جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، هه‌ركات خانه‌نشینانى ئه‌و یه‌كه‌یه‌ (واته‌ هێزه‌كانى 70) هه‌ژمارى من-یان كرد، ئه‌وا له‌گه‌ڵ موچه‌ى مانگى حه‌وت، موچه‌ى مانگى شه‌ش-یشیان پێده‌درێت‌و هیچ گرفتێكیان نابێت".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس، "هه‌ژمارى من، كراوه‌ته‌ مه‌رج بۆ پێدانى موچه‌ى خانه‌نشینانى هێزه‌كانى 70 له‌هه‌رێمى كوردستان".

به‌گوێره‌ى ئه‌و خشته‌یه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، موچه‌ى ئه‌م شوێنانه‌ دابه‌شده‌كرێت:
دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە
هێزەکانی یەکەی 70
هێزەکانی یەکەی 80
هێزەکانی زێرەڤانی
بەرگری‌و فریاکەوتن

وه‌كو پێشتر وه‌زاره‌تى دارایی ئاشكرایكردبوو، بڕى 26 ملیارو 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لەکۆی موچەی ئەو دوو مانگەی هێزەکانی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەکان دروستبوەو ئەو بڕە پارەیە لەشایستەی تەمویلەکەیان لەبەغداوە نەنێردراوە.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، سێشەممەى ڕابردوو بڕی 676 ملیارو 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی موچەی هەردوو مانگی ئایارو حوزەیران (پێنج‌و شەش)ی هێزەکانی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم؛ خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.