بایدن ده‌كشێته‌وه‌

جیهان

18/07/2024‌ 2881 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى پێشوى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا هه‌واڵێكى ناخۆشى گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌رۆكى ئێستاى ئه‌مریكاو پێی وتوه‌، "شانسى بردنه‌وه‌ت له‌تره‌مپ نییه‌"، به‌گوێره‌ى میدیاى ئه‌مریكاش ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌، هەفتەى داهاتوو جۆ بایدن به‌فه‌رمى ڕایبگه‌یه‌نێت لەکێبڕکێی وەرگرتنى پۆستى سەرۆک ده‌کشێتەوە.


له‌هه‌واڵێكدا، تۆڕى هەواڵى سی ئێن ئێن ئاشكرایكردوه‌، هەفتەى ڕابردوو نانسى پیلۆسى سەرۆکى پێشوى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا لەڕێگه‌ی پەیوەندییەکى تەلەفۆنییەوە بەجۆ بایدن سەرۆکى ئێستاى ئەمریکاى ڕاگەیاندوە، ئەگەر واز لەکاندیدبونى نەهێنێت بۆ پۆستى سەرۆکى ئەمریکا ئەوا هەلى بردنەوەى دیموكراتەکان لەم هەڵبژاردنە کەمدەکاتەوە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، بایدن ڕەتیکردوه‌ته‌وه‌ ئەم هەڵبژاردنە بدۆڕێنێت‌و وتویەتى:"دۆخم لەم هەڵبژاردنەدا باشەو بەگوێره‌ى ئەو ڕاپرسیانەى کراون دەیبەمەوە".

تۆڕى نیو نەیشنى ئەمریکیش هه‌واڵێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"بڕیارە جۆ بایدن هەفتەى داهاتوو لەکێبڕکێی پۆستى سەرۆکى ئەمریکا بکشێتەوەو ڕاوێژکارێکى دیموکراتەکان لەوبارەیەوە وتویەتى: بایدن ئێستا ئیتر خەریکە ئەو ڕاستییە قبوڵدەکات‌و بیرۆکەى کشانەوەى پەسەند دەکات".

لەئێستادا جۆ بایدنى سەرۆکى ئەمریکا کەوتوەته‌ ململانێیەکى ناوخۆیی حزبەکەیەوە، بەشێک لەدیموکراتەکان دودڵن لەبارەى تەمەنى سەرۆک‌و تواناکانى‌و داواى کشانەوەى لێدەکەن‌و پێشتریش جیل بایدن خانمى یەکەمى ئەمریکا لەبارەى ئەم داوایەى بەشێک لەدیموکراتەکانەوە ڕایگەیاند؛ ناکرێت کارى چوار ساڵى بایدن وەک سەرۆک لەبیر بکرێت.