سبەینێ ساڵڕۆژی شۆڕشی 19ی تەموزی ڕۆژئاوای كوردستانە

ڕاپۆرت

18/07/2024‌ 417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: كەنداڵ جودی

 شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە 19ی تەمووزی 2012 دەستیپێكرد، دوای 12 ساڵ لە شۆڕش، ئێستا كورد بووەتە بەشێكی گرنگ لە سوریا و تەواوی ناوچەكە و سەركردایەتی شۆڕشێكی دیموكراسی گەل دەكات.

شۆڕش كەی دەستی پێكرد؟
سبەی دوازدەهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی 19ی تەموزی ڕۆژئاوای كوردستانە. لەگەڵ دەستپێكی شەپۆلی توڕەیی خەڵك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی خۆیان پەیوەندییان بەو بزووتنەوەیەوە كرد. لەو چوارچێوەیەدا بە مەبەستی ڕزگاركردنی كورد لە ڕژێمی بەعس، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ شۆڕشێك لە شاری كۆبانێ دەستیپێكرد و خەڵكی كۆبانێ ناوچەكەیان لە ڕژێمی بەعسی سوریا پاككردەوە.

بەرگری لە شۆڕش
دوای ڕاپەڕینی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤، كوردانی ڕۆژاڤای كوردستان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە بەبێ دەسەڵاتی سەربازی ناتوانن لە وڵاتەكەی خۆیاندا بژین، بۆیە بە نهێنی یەكینەكانی خۆپاراستنی گەلیان پێكهێنا. بەڵام لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١١دا فراوانتر بوو بوو بە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و گەنجەكانی كورد، عەرەب، ئەرمەنی، چەركەسی، مەسیحی، ئێزدی و موسڵمان یەك بە یەك پەیوەست بوون بە یەپەگە، بە مەبەستی پاراستنی شارەكانیان لە تیرۆریستانی وەك داعش و نوسرە و سوپای ئازاد. 

یەپەگە ئەركی پاراستنی شۆڕشی 19ی تەمووزی گرتە ئەستۆ و لە زۆرێك لە شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان وەك كۆبانێ، سەرێ كانیێ، عەفرین و شنگال هەموو ناوچەكانی پاراست. لە ساڵی ٢٠١٥ دوای ئازادكردنی كۆبانێ لە دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بە سەركردایەتی یەپەگە، هێزەكانی هەسەدە بە بەشداریی هەموو گەنجانی ناوچەكە پێكهێنرا و لەوێشەوە شەپۆلی ڕزگاركردنی ناوچەكانی دیكە لە دەستی تیرۆریستی داعش هاتە ئاراوە تا گەیشتە ڕەقە و باهۆز.

بەڕێوەبردنی شۆڕشی ١٩ی تەمموز
ساڵی 2012 لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕش، ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری گشتی دامەزرا و ئامادەكردنی ڕێككەوتننامەی كۆمەڵایەتی دەستیپێكرد.  لە ساڵی ٢٠١٤ ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژاڤای كوردستان ڕاگەیەندرا. واتە هەر هەرێمێك بە بەشداری هەموو پێكهێنەرەكانی دەتوانێت هەرێمەكەی خۆی بەڕێوەببات. بۆیە لە ئەنجامی ١٢ ساڵ كاركردن، ئەمڕۆ لە تەواوی ناوچەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەر هەرێمێك ئیدارەی خۆسەری خۆی هەیە و وەك سیستەمێكی لامەركەزی هەرێمەكەیان بەڕێوەدەبەن. ئەمڕۆ ئەم ئیدارە هەرێمایەتیانە هەموویان لەژێر چەتری ئیدارەی دیموكراتی خۆسەری هەرێمی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا كۆبوونەتەوە و وەك چەتری گشتی ئیدارەكان وەرگیراوە.

شۆڕشی ١٩ی تەمووز لەژێر هەڕەشەی دەوڵەتی توركیادایە
وەك هەموو ئەو شۆڕشە كوردییانەی كە دەوڵەتی توركیا روبەڕوویان بووەتەوە، بەتایبەتی لە باكوری كوردستان، لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ١٩ی تەمموز، دەوڵەتی توركیا هەڕەشە لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكات. 

لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی توركیا لە ساڵی ٢٠١٨ كانتۆنی عەفرین و لە ساڵی ٢٠١٩ شاری سەرێ كانیێ و گرێ سپی داگیركرد. ئێستاش هەڕەشەی لەشكركێشی دەكات و بەدوای دەرفەتێكدا دەگەڕێت بۆ هێرشكردن و داگیركردنی شارەكانی دیكەی ڕۆژاڤای كوردستان و ڕووخانی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی كورد.

كورد پێشەنگایەتی دیموكراسی ناوچەیی دەكات
هەرچەندە دەوڵەتی توركیا هەڕەشە لە شۆڕشی ١٩ی تەمموز دەكات، بەڵام كورد بەردەوامە لە بنیاتنانی برایەتی گەلان و پەرەپێدانی خۆبەڕێوەبەری. ئەمڕۆ لە سوریا كە هێزی داگیركەری زۆرە و هەر دەوڵەتێك دەیەوێت بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی حوكمڕانی سوریا بكات، دوور لە بەرژەوەندی گەلی سوریا، ئیدارەی خۆسەر بۆتە نموونە و هیوایەك بۆ هەموو گەلی سوریا بۆ پێكەوەژیانی دیموكراسی و یەكسان، دوور لە ڕەگەزپەرستی ئایینی یان تائیفی.