ئۆپراسوێنەکەی تورکیاو سیناریۆی کوردانە

مەلەفی تایبەت

20/07/2024‌ 1176 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەتیف فاتیح فەرەج
بانگەشەی کۆتای هاتنی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر هەرێم لەزاری ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکەوە، مەرج نیە هەر ئێستا کۆتای هاتبێت و دەشێ بۆ یەک دوو مانگی دیکەش بەردەوام بێت، تورکیا زۆری بەلاوە مەبەستە گارا کۆنترۆڵ بکات، دەتوانێ یان نا ئەوەیان ئەستەمە وەڵامی تەواو بدرێتەوە، ئێستا گارا  نەسنوری زۆنی سەوزو نە کەرکوک و موسڵ، گێلی تورکیا لەوەدایە هێشتا پێی وایە دەتوانێ بەچەک کورد نەهێڵێت، جێی داخە دنیاش لەبەرانبەر ئەم کوشت و بڕە بێدەنگە، تورکیا گارا بگرێت یان نا نەگەریلا بە کۆتا دێن، نەکورد دەتوێنەوە، بەڵام گرنگە کورد هەموو کورد تورکیا بناسن، نەک ئەوەی کورد بکەونە پێش تورکیاو بڵێن وەرە ئەوەی تۆ بۆی دەگەڕێی ئەوەتا لێرە، ڕوداوەکەی کەلار کەڕوداوێکی ناخۆش و ناجۆر بوو ، لەتەک ڕوداوگەلی پێشتری کفری و سوتانی بازاڕەکاندا هەموو گرێدراوی یەکن، تێیدا میت کار بۆ ئەوە دەکات چۆن بیانو بەدەست بێنێت، تازیاتر تورکیا پەلبهاوێت،  ناخۆشی لەم یاریە قێزەونەدا ئەوەیە کورد بە سادە ترین شێوەش بەشداری بکات، یانی ئەگەر بەدوو قسەش بێت کەواتە ئەمە هاوکاری داگیرکەرانە، هەموو سیناریۆکان و هەر سیناریۆیەکی دیکەش بۆ لادانی چاوە لەسەر ئەو هەموو وێرانیەی سوپای تورکیا دەیکات.
 ئەگەر بابەت بوونی پەکەکە بێت دەبێت هەموو ئەوە بزانن پەکەکە لەئەستەنبوڵ و ئەنقەرەو هەولێرو تارانیش هەن وەک چۆن لەتەواوی دنیا هەن  تادەگاتە ئەرجەنتین و بەرازیلیش، ئەمە ڕاستیە، بەڵام ئایە کامیان کردەی تیرۆر دەکەن پەکەکە کەداوای ئازادی دەکات، یان تورکیا کەدەیەوێ وێرانکاری بکات و ژن و منداڵیش دەکوژێت، بۆ کورد شەرمە دوودڵ بێت لەوەی لەنێوان ئەم دوانەدا کامیان هەڵبژێرێت، هیچ بیانویەک نیە بۆ هەڵبژاردنی دەوڵەتی تورکیا، با سەرنج و ڕەخنەشمان لەسەر پەکەکە هەبێت، ئەگەر لێکۆڵینەوەی وردو بێلایەن هەبن دەردەکەون زۆری ئەوەی دەدرێتە پاڵ پەکەکە سیناریۆو هەوڵی گوازتنەوەی نیگایە، بۆ کورد گرنگە نەخزێتە نێو ئەو گەمە ناشرینەوە، کەلار لەکوێ و گارا لەکوێ،  دواتر پەکەکە لەتەقاندنەوە بێت، هەزار کۆڵان و کون و کەلەبەر لەئەستەنبوڵ هەن بای ئەوەش کورد هەن، بەڵام پەکەکە تیرۆریست نیە، ئەوەی ئەو ناوەی داوەتە پاڵ لەمن و تۆ باشتر ئەوە دەزانێت.
تورکیا لەهەمان کاتا کە پەلاماری ژیانی گارا دەدات، لەولاوە دەستی تەوقە بۆ ئەسەدو نامەی دڵداریش بۆ خەڵکی تر دەنێرێ و تەنانەت داوالەشاخیش دەکات بۆ مامەڵە، ئەوە کوردە بەپێ خاوسی تێی کەوتوە، ئێمە پێویستمان بە کەمێک ئاوەزە، ڕۆژی ئاشتی و ئازادی دێت و ڕەش و سپی دەردەکەون، ئیتر بۆ دەبێ کەمێک ئاوەزمان نەبێت، بۆ کورد کەلارو شەقڵاوە یەکن کێ قازانج لەوە دەکات، کەلار زیانی بەر بکەوێت، گەلۆ ئەم ئاوەزە ئەمنیە بۆ حوکمڕانی و پێکەوەیی کوردانە زەرەری گەورەی هەیە،  لەکوردەکان گەڕێن بایەکتریان خۆشبوێت، ئەوەیان لەڕق بوونەوە لەیەکتر باشترە.
تا نەبینە ئەو مرۆڤەی سلێمانیمان بەقەد هەولێرو سنەمان بەقەد ئامەد و عفرینمان هێندەی خانەقین خۆش نەوێت، ناتوانین نەتەوە سازی و مرۆڤسازی بکەین، بۆ دوژمن خۆیان گوتەنی سەگی ڕەش و سپی یەکە کوردی باش و کوردی خراپ نیە، لەبەر ئەوەی لای ئەو کورد واتە ئەوەی لەقەبرسانە، بۆیە کێشەکە لەخۆماندایە لەبونیادی ئێمەدا، ئێمە خۆمان پێ بچوک و کەمە، دوژمنیش بۆ زاڵبوون بەسەرماندا ئەوەندەی بەسە.