دۆڕاو و براوەی تاقیکردنەوە ستانداردەکانی وەزارەتی پەروەردە: شیکارییەکی ڕەخنەیی

مەلەفی تایبەت

20/07/2024‌ 15613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

محەمەد عوسمان

تاقیکردنەوە ستانداردەکان بوونەتە بەردی بناغەی هەڵسەنگاندنی پەروەردەیی لە زۆرێک لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق، وەک دیاریکەری چارەنووسی مرۆڤەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. لە کاتێکدا لایەنگرانی دەڵێن کە ئەم تاقیکردنەوانە پێوەری بابەتییانەن بۆ دەستنیشانکردنی توانستی خوێندکاران، بەڵام بەشێکی قەبە لە توێژینەوە زانستییەکانی بواری پەروەردە بە میتۆدێکی ناهاوسەنگ و نەگونجاو تاقیکردنەوە ستانداردەکان دەدەنە قەڵەم. ئەم وتارە سروشتی تاقیکردنەوە ستانداردەکان، کاریگەرییەکانیان لە پێوانەکردنی لێهاتوویی و کارامەییەکان، گونجانیان لەگەڵ فرەیی خوێندکاران، و کاریگەرییە دەروونییەکانی ستایش و ڕەخنە لەسەر بنەمای نمرەیی بەدەستهاتوو لەم جۆرە تاقیکردنەوانە دەکۆڵێتەوە.
تاقیکردنەوە ستانداردەکان بەو شێوە هەڵسەنگاندنە یەک ڕەهەندییانە دەوترێت کەوا لە ژێر بارودۆخی کۆنترۆڵکراودا بەڕێوەدەچن بۆ گشت خوێندکاران بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییان، کە بۆ پێوانەکردنی زانیاری، لێهاتوویی، یان کارامەییەکانی خوێندکاران داڕێژراون. ئەم تاقیکردنەوانە بە شێوەیەکی گشتی لە پرسیاری شێوە هەڵبژاردن، بۆشایی، وەڵامی کورت پێکدێن، و بە شێوەیەکی یەکگرتوو و "ستاندارد" نمرە بە خوێندکاران دەدرێت بەجۆرێک بتواندرێت خوێندکارانی پێ ڕیزبەندی بکرێت و بەیەک بەراورد بکرێن (Popham, 1999). زۆرینەی تاقیکردنەوەکانی ناو سیستەمی پەروەردەی ئێمە دەکرێت لەچوارچێوەی تاقیکردنەوە ستانداردەکاندا دابندرێن، بەڵام مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە لە تاقیکردنەوە ستانداردەکان، تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی و دوازدەیەمی ئامادەیین.
کاریگەریی تاقیکردنەوە ستانداردەکان لە پێوانەکردنی لێهاتوویی و کارامەییەکان
پشتبەستن بە تاقیکردنەوە ستانداردەکان بۆ پێوانەکردنی لێهاتوویی و کارامەیی ڕاستەقینە بابەتی مشتومڕ بووە لە نێوان بیرمەندانی پەروەردەدا. لە کاتێکدا ئەم تاقیکردنەوانە دەتوانن هەندێک تێڕوانین بۆ زانیارییەکانی خوێندکار لە بوارە تایبەتەکانی بابەتێکدا دابین بکەن، بەڵام زۆرجار لە هەڵسەنگاندنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، داهێنان و تواناکانی چارەسەرکردنی کێشەکاندا نایپێکن. ڕەخنەگران دەڵێن تاقیکردنەوە ستانداردەکان داهێنان سەرکوت دەکەن، دەبنەهۆی ئەوەی مامۆستایان هێندەی لە هەوڵی ئامادەکردنی خوێندکاراندابن بۆ تاقیکردنەوە، هێندە گرنگی بە فێرکردنی مەعریفەی پشتی بابەتەکان نەدەن (Nahar, 2023; Yang, 2023).
بەگوێرەی دەرئەنجامی توێژینەوەی (Sternberg, 2012)، تاقیکردنەوە ستانداردەکان تەنها مەودایەکی بەرتەسکی کارامەیی و مەعریفە دەتوانن بپێون، بە پلەی یەکەم ئەو بابەتانە دەپێون کە پێویستییان بە بیرمانەوە هەیە، لەکاتێکدا توانا شیکارییەکان، زیرەکی کرداریی، قودرەتی ئارگومێنتسازی و توانای داهێنان پشتگوێ دەخەن. سەرەڕای ئەمەش، لێکۆڵینەوەکانی (Kohn, 2000) ئەوە دەردەخەن کەوا تاقیکردنەوە ستانداردەکان زۆرجار توانای خوێندکاران بۆ بیرمانەوەی زنجیرە و واتای زانیارییەکانیش فەرامۆش دەکەن، بەڵکو تەنها پێوانەی بیرمانەوەی یەک زانیاری بچووک و بێ ئەرزش لەنێو گەلە زانیارییەکی قەبەدا دەکەن، تەنها کارامەیی هانی بدەن توانای دەرخکردنە (Memorization). ئەمەش بێگومان پرسیاری جەوهەری لەسەر ڕەوایەتی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە و ئەو هەموو پشتپێبەستنەیان دروست دەکات. هەر لەبەر ئەوەش، لەگەڵ پەرەسەندنی پەروەردە جەختکردنەوە لەسەر کارامەییەکانی سەدەی بیست و یەکەم وەک کارامەیی پەیوەندیگرتن، کارامەیی کارکردن بە تیم و هاوکاری، کارامەیی خوێندەواری دیجیتاڵی و کارامەیی چارەسەری ئاریشە، مشتومڕ لەسەر گونجاویی پشتبەستن بە تاقیکردنەوە ستانداردەکان زیاتر و زیاتر دەبێت.
ناتەبایی تاقیکردنەوە ستانداردەکان لەگەڵ هەمەجۆریی خوێندکاران
یەکێک لەو ڕەخنە بنەڕەتییانەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکان دەگیرێت، حیساب نەکردنە بۆ پاشخانی سۆسیۆکلتوری و جیاوازی و فرەیی خوێندکاران لە شیوازی فێربوون و شێوازی پێشاندان یان سەلماندنی فێربوون. خوێندکاران بەسروشت جیاوازن و هەر خوێندکارێک دەکرێت هەڵگری تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی بێت لەڕووی شێوازی فێربوون و دەربڕین، خوێندکار هەیە بەیەکجار خوێندنەوە یان گوێبیستبوونی بابەتێک دەتوانێت وەک خۆی بیڵێتەوە یاخود بینوسێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە خوێندکاریش هەیە پێویستی بە گرێدانی ئەم زانیارییەیە بە کۆمەڵێک زانیاری تر تا وەکو مەعریفە بیپارێزێت. جا لەشێوازی دەربڕینی فێرکراویشدا خوێندکاران هەر جیاوازن، لەوانەیە هەبێت توانای دەقاو دەق نوسینەوەی بابەتەکەی هەبێ و خوێندکاریش هەبێت شیکاریی خۆی بۆ بابەتەکە باشتر بتوانێت بەیان بکات، وە هەروەها. (Au, 2016) دەڵێت تاقیکردنەوە ستانداردەکان هەر لەبنەڕەتدا پێچەوانەی سروشتی فرەیی خوێندکارانن، لا لەو ڕاستییە ناکەنەوە کە خوێندکاران لە پاشخانی کلتووری، زمانەوانی، ئابووری و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆرەوە هاتوون.
زۆرجار تاقیکردنەوە ستانداردەکان ڕەنگدانەوەی ئەزموونی کلتووریی گروپیێکی کۆمەڵایەتیی باڵادەستن، ئەزموونی کلتووریی مامۆستایان وەک نموونە، هەموو ئەو گرووپانەی تر کە ئەزموونیان جیاوازە دەخەنە دۆخێکی خراپەوە. بە واتایەکی تر، تاقیکردنەوە ستانداردەکان بۆ پێوانەکردنی فێربوون تەنها لەلای یەک گرووپی خوێندکاران دیزاین دەکرێن، لەکاتێکدا تاقیکردنەوەکە خۆی ڕەوایەتی (Validity) نییە بۆ گرووپەکانی تر و نابێتە هەڵسەنگاندنێکی جێی متمانە (Reliability) بۆ توانای ڕاستەقینەی گشت خوێندکاران (Rosales & Walker, 2021).
کاریگەری ستایش و ڕەخنە لەسەر بنەمای نمرەی تاقیکردنەوە ستانداردەکان
ستایشکردنی خوێندکاران لەسەر بنەمای نمرەی بەرزی تاقیکردنەوە ستانداردەکان، یاخود سەرزەنشتکردنی ئەوانەی نمرەی کەمیان بەدەستهێناوە دەکرێت کاریگەری خراپی لەسەر دەرووندروستی و پاڵنەرە ئەکادیمییەکانیان هەبێت. (Dweck, 2006) وای شیکاردەکات کەوا ستایشکردنی خوێندکاران لەسەر نمرەی تاقیکردنەوەکانیان (نەک لەسەر هەوڵ و ستراتیژی فێربوونیان) هاندەری دروسبوونی بیرکردنەوەی جێگیرە لەلای خوێندکاران (Static thinking) و دەکرێت ترسی شکتهێنان دەرووندروستییان بخاتە ئاریشەوە، هەروەها لە کۆتاییدا ڕێگری لە گەشەکردنی ئەکادیمییان بکات. بەپێچەوانەوە، سەرزەنشتکردنی خوێندکاران بەهۆی کەمی نمرەی تاقیکردنەوەکانیانەوە زیان بە متمانە بەخۆبوونی خوێندکاران دەگەیەنێت. ئەنجامەکانی توێژینەوەی (Putwain et al., 2018) نیشانی دەدات کە فیدباکی نەرێنی لەسەر بنەمای ئەدای خوێندکار لە تاقیکردنەوە دڵەراوکێی خوێندکارەکە زیاد دەکات و پاڵنەری فێربوون و هەوڵدانی کەم دەکاتەوە، لە کۆتاییشدا دەبێتە هۆی ئەنجامی ئەکادیمی خراپتر.
سەرئەنجام
لەم چەند ساڵانەی ڕابردوودا خوێندگە و مامۆستایان لە هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوە نیشتیمانییەکاندا دەکەونە شانازیکردن بە کەمینەیەکی زۆر بچووکی خوێندکاران کە نمرەی بەرزیان لە تاقیکردنەوە ستانداردەکاندا بەدەستهێناوە. پەڕەی فەرمی خوێندگەکان و هەژماری تایبەتی خوێندکاران پڕدەبن لە پێداهەڵدان و ستایشی ئەم کەمینە خوێندکارانە. لەهەمان کاتدا، زۆرینەی ئەدەبیاتی پەروەردەیی دونیا لە دژی ئەم جۆرە کردەوانە بڕیار دەدەن. ستایشی کەمینەیەک لە خوێندکاران ڕاستەوخۆ بریتییە لە سزادانی دەروونی زۆرینەی ئەو خوێندکارانەی نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە. ئەوەی سەمەرەیە، ڕاگەیاندنەکان و تەنانەت وەزارەت و حکومەتیش ڕاستەوخۆ بەشداری ئەم دابەشکردنەی خوێندکارانن بۆ باش و خراپ. لەکاتێکدا بەدرێژی ئەم وتارە هەوڵمان داوە ئەو ڕاستییە ڕوون بکەینەوە کەوا تاقیکردنەوە ستانداردەکان، لە بنچینەدا مەعریفەی گشت خوێندکاران ناپێون و تەنها بۆ گرووپێکی بچووکی خوێندکاران دیزاین کراون. ئەوانەی لەم تاقیکردنەوانەدا ئاستی باشیان پێشکەش کردووە، ئەگەر مامۆستا و خوێندنگە و وەزارەت و حکومەتیش نەبوونایە هەمان ئاستیان نیشان دەدا، چوون تاقیکردنەوەکە بە خولیای ئەمان دیزاین کراوە. سەرکەوتنی کەمینەیەک لە خوێندکاران و سەرنەکەوتنی زۆرینەی گرووپەکانی تر، شایەنی شانازی نییە. پەروەردەکار ناوبژیوان نییە، تا باش و خراپمان بۆ دەستنیشان بکات. بەڵکو ڕاهێنەرە و پەرۆشی بەرزکردنەوەی ئاستی گشت خوێندکارانە، زۆر بەتایبەتیش ئەوانەی گوایە ئاستیان لاوازە. ئەگەر قەرار بێ دوازدە ساڵ ڕاهێنان نەیتوانیبێ زۆرینەی خوێندکاران سەرکەوتوو بکات، ئەمە بەو مانایە دێت کەوا کۆی سیستەمی پەروەردە لەم هەرێمەدا دۆڕاوە!

سەرچاوەی بەکارهاتوو:
Au, W. (2016) ‘Meritocracy 2.0: High-stakes, standardized testing as a racial project of neoliberal multiculturalism’, Educational Policy, 30(1), pp. 39–62.
Dweck, C.S. (2006) Mindset: The new psychology of success. Random house.
Kohn, A. (2000) The case against standardized testing: Raising the scores, ruining the schools. Heinemann Portsmouth, NH.
Nahar, L. (2023) ‘The effects of standardized tests on incorporating 21st century skills in science classrooms’, Integrated Science Education Journal, 4(2), pp. 36–42.
Popham, W.J. (1999) ‘Why standardized tests don’t measure educational quality’, Educational leadership, 56, pp. 8–16.
Putwain, D.W. et al. (2018) ‘Reciprocal relations between students’ academic enjoyment, boredom, and achievement over time’, Learning and Instruction, 54, pp. 73–81.
Sternberg, R.J. (2012) ‘The assessment of creativity: An investment-based approach’, Creativity research journal, 24(1), pp. 3–12.
Yang, Q. (2023) ‘Should Standardization Tests be Used to Assess Student Ability?:--An Evaluation on Effects of Standardization Tests’, Journal of Education, Humanities and Social Sciences, 8, pp. 319–326.