جۆن بۆڵتۆن: ترەمپ ئەمجارە لەگەڵ ئێران نەرم دەبێت‌و لەگەڵیان ڕێکدەکەوێت

جیهان

21/07/2024‌ 1504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کە ماوەیەکی زۆرە لایەنگری گۆڕینی ڕژێمی ئێرانە، ڕایگەیاندوە، ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتییەکەیدا لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتن نەک هەوڵی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی بدات.


بۆڵتۆن کە لەساڵی 2018 تا 2019 پۆستەکەی بەدەستەوە بوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" ئاشکرایکردوە، چەندجارێک داوای لەدۆناڵد ترەمپ کردوە هەنگاو بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر، بەڵام سەرکەوتوو نەبوە لەوەی قەناعەتی پێبکات کە گۆڕینی ڕژێم تاکە چارەسەرە.

بۆڵتۆن ئاماژەی بەوەدا، زۆرجار بڕیارەکانی ترەمپ یەکجارەکی نەبون.

ڕاشیگەیاندوە، گەرموگوڕی ترەمپ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران ڕەنگە سەربکێشێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتە.

باسی لەوەشکردوە، ئەگەری دوبارەکردنەوەی تۆقەکردنە مێژوییەکەی نێوان ترەمپ‌و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوری لەمانگی یەکی ساڵی 2019، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە.

بۆڵتۆن ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ سەرەڕای لێدوانە توندەکانی، ئامادەنییە ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر، ئەمەش وایکردوە لەمڕوەوە هاوشێوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئێران بێت.