بەهۆی پشتیوانی فەڵەستینییەکان، ئادیداس "بیلا حەدید"ی لەڕیکلامی کۆمپانیاکەی دورخستەوە

هەمەڕەنگ

21/07/2024‌ 453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای ئەدیداس کچە مۆدێلی بەڕەچەڵەک فەڵەستینی بێلا حەدیدی لەکەمپەینی ڕیکلامی جێگا مشتومڕی بۆ دەرکردنی پێڵاوی  “SL72” دەرهێنا کە ئیلهامێکی لەستایلێک وەرگرتبوو کە وەرزشوانان لەئۆڵۆمپیادی میونشنی ساڵی 1972 لەبەریانکردبوو، کە لەئەنجانی چەند هێرشێکدا 11 وەرزشوانی ئیسرائیلی کوژران.


 ئەم بڕیارەی کۆمپانیاکە دوای ڕەخنەی بەرپرسانی ئیسرائیل هات، چونکە بەشدارییکردنی حەدید کە (بەهەڵوێستەکانی پشتیوانی فەڵەستینییەکان ناسراوە)، کاردانەوەی توڕەیی ئیسرائیلییەکانی لێکەوتەوە.

کۆمپانیای ئەدیداس داوای لێبوردنی کردوە بۆ هەر ناڕەحەتییەک کە بەهۆی کەمپەینەکەوە هاتبێتە ئاراوەو دەستبەجێ حەدیدی لەکارەکە کشاندەوە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردوە، دان بەوەدادەنێن کە ڕەنگە ئەو کەمپەینە ڕیکلامییە پەیوەندیی بەڕوداوە مێژووییە دڵتەزێنەکانەوە دروستکردبێت.

کەمپەینەکە لەسۆشیال میدیادا ڕەخنەی لێگیراو باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیش لەبەرلین کۆمێنتێکی ڕەخنەی لەهەڵبژاردنی حەدید گرت.

دوای دورخستنەوەی حەدید، کۆمپانیای ئەدیداس ڕایگەیاند، بەردەوامدەبێت لەپەرەپێدانی مۆدێلی SL72 لەگەڵ ڕوخساری دیکەی وەک یاریزانی تۆپی پێ جوڵس کۆندێ‌و ڕاپەر ئایساپ ناست.

پێشتریش کۆمپانیای ئەدیداس دوای لێدوانی دژە جولەکە،  کۆتایی بەهاوکارییەکانی لەگەڵ ڕاپەر کانی وێست هێنابوو.

و: ئاکۆ ئاڵی