سەدام حسێن چۆن وەسفی نێچیرڤان بارزانی دەکات؟ ئەو چۆن سەرسامبوونی سەدام حسێنی بۆ لێدان لە نەیارەکانی بەکارهێنا؟

ڕاپۆرت

21/07/2024‌ 2708 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سەدام حسێن هەمیشە مەسعود بارزانی بە پیاوێکی نیشتمانیی وەسفکردووە... ئەمە دێڕێکە لەنێو بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی پێشووی عێراق کە وردەکاریی پەیوەندیی ئەو دوو کەسایەتییە ئاشکرا دەکات، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە هەردوولا لە شەڕی دژ بە یەکدا بوون.

هەر کاتێک باسی پەیوەندی بازرانیەکان و سەدام حسێن دەکرێت راستەوخۆ بیر لە ٣١ی ئاب دەکرێتەوە، بەڵام جیاواز لەمە پەیوەندی تر هەیە لە نێوانیاندا، لەگەڵم بن بزانین بەشێک لەو پەیوەندیە چۆنەو چییە؟

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگریی عێراق، سەرەڕای پەیوەندییە پتەوەکەی نێوان مەسعود بارزانی و ئەمریکا، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبووە لەپەیوەندیی نێوان بارزانی و سەدام حسێن و هەردوولا گەرموگوڕیی لە پەیوەندییەکانیاندا هەبووە.

دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی پێشووی عێراق تێڕوانینی سەدام حسێنی لەسەر بارزانی بەوشێوەیە وەسفکردووە کە سەدام وتویەتی "بارزانی پیاوێکی نیشتمانپەروەرە، هەروەها بارزانی هیچ کات پەیوەندیی لەگەڵ ئێران باش نەبووە، چونکە پێیوابووە ئێران بەشێوەیەکی بەرز کە لایەق بە بنەماڵەی بارزانییەکان بێت، تەماشایان ناکات.

سەدام لە درێژەی وەسفەکانی بۆ بارزانی وتویەتی "پیاوێکی ئیماندارە و ئەهلی سوننە و جەماعەتە، هەروەها سەدام و بارزانی دوای ڕاپەڕینیش چاویان بە یەك کەوتووە و هەموو جارێک بارزانی کۆمەڵێک داواکاریی لە سەدام هەبووە کە دیارترینیان دەستدرێژی سوپا و هەواڵگریی بووە لە هەندێک ناوچە، لە پەراوەکانی دەزگای هەواڵگیردا ئەوە هاتوە کە سەدام حسێنیش هەموو جارێك داواکارییەکانی جێبەجێکردووە.

هەر بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگریی سەردەمی بەعس، سەدام حسێن زۆر سەرسام بووە بە نێچیرڤان بارزانی، کە ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هەربۆیە نێچیرڤان بارزانی ئەوەی دەزانی و هەوڵیدەدا بیقۆزێتەوە بۆ فشارخستنەسەر هەواڵگریی عێراق بۆ لێدان لە نەیارەکانی بە تایبەت ئەو ئەو سەرکردانەی پارتی کە پێیان وابوو نابێت ڕێگە بدرێت نێچیرڤان بارزانی بچێتە هەرەمی سەرەوەو بڕیاری پارتی بکەوێتە دەست.

لەبەڵگەنامەکاندا باس لەوەکراوە، پارتی یارییەکی دوو سەرەی کردووە لەو ڕووەشەوە دوو نمونە باسکراوە؛

کاتێک سەدام حسێن چەک و هاوکاریی سەربازیی پێشکەشی یەکێتی کردووە بۆ لێدان لە جوندولئیسلام، گەیشتنی ئەو هاوکارییانە بە یەکێتی ڤیدیۆکراوە و دواتر لەڕێگەی پارتیەوە نێردراوە بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی وا دەرکەوێت ڕژێمی سەدام حسێن شەڕی تیرۆریش دەکات و هاوکاری یەکێیش دەکات.

نمونەی دوومیش وەك هەواڵگریی عێراق دەڵێت، کاتێک لە نزیکی پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێڕاق سوپای ئەمریکا لە ڕێگەی دابەزینی ئاسمانییەوە هێزە سەربازییەکەیان لە دهۆك دابەزاند، پارتی زانیاریی وردی لەسەر ئەو دابەزینەی ئەمریکا بە حکومەتەکەی سەدام حسێن داوە.

لە پەڕاوەکانی دەزگای هەواڵگری عێراقدا کۆمەڵێک دۆسیەی هەستایرتر باسکراون کە لە زنجیرەکانی داهاتوودا بۆتان باسدەکەم.