ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌غدا داواكاریه‌كه‌ى ئاراسته‌ى واشنتۆن ده‌كات

عیراق

23/07/2024‌ 2256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاشكرایانكردوه‌، عێراق دەیەوێت لەمانگی ئەیلولی داهاتوو لە 2025، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوڵاتەكەی بكشێتەوە، ئەمریكاش دەڵێت، "بۆ ئەو مەبەستە هەردولا كۆبونەوە دەكەن كە ئەركی هاوپەیمانان لەو وڵاتە لەمەودوا چی دەبێت".


دانوستانه‌كانی عێراق‌و ئه‌مریكا به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به‌ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستیانپێكرده‌ه‌و به‌گوێره‌ى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقیش، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌غدا داوا له‌واشنتۆن ده‌كات له‌مانگی ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌ست به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌عێراق بكرێت.

 چوار سه‌رچاوه‌ی ئاگاداری عێراقی به‌ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان وتوه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جارێكى دیكه‌ له‌واشنتۆن هه‌ردوو وه‌فدى ئه‌منی عێراق‌و ئه‌مریكا كۆده‌بنه‌وه‌و وه‌فدى عێراق داوا له‌ئه‌مریكا ده‌كات له‌مانگی ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌ست به‌كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بكرێت‌و تا مانگی ئه‌یلولی ساڵی داهاتوو، كۆتایی به‌ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بهێندرێت‌و ته‌واوی هێزه‌كان، عێراقیان جێهێشتبێت.

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كان كه‌ بۆ ڕۆیته‌رز قسه‌یانكردوه‌ باسیان له‌وه‌كردوه‌، ئه‌گه‌رێك دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ڕاوێژكارانی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌عێراق بمێننه‌وه‌و بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێك یارمه‌تی هێزه‌كانی عێراق بده‌ن، پێشوتریش ماتیۆ میله‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو، هیچ واده‌یه‌ك یان خشته‌یه‌ك بۆ كۆتاییهێنان به‌ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌عێراق نییه‌.

به‌گوێره‌ى وتەی سەرچاوە عێراقییەكان، ئێستا گفتوگۆ لەنێوان عێراق‌و ئەمریكا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەئەیلولی 2025 هەیەو بڕیاریشە لەناو ئەم هەفتەیە، كۆبونەكانیان لەواشنتۆن بەڕێوەبچێت كە بە"كۆبونەوەی لوتكەی ئاسایش" ناودەبرێت.

لەساڵی 2003دا ئەمریكا عێراقی داگیركردو ڕژێمەكەی سەدام حوسێنی ڕوخاند، لە 2011یشدا هێزەكانی لەو وڵاتە كشاندەوە، دواتریش لەساڵی 2014 بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش، جارێكى دیكه‌ بەشێك لەهێزەكانی بۆ عێراق گەڕاندەوە، تائێستاش چەند بنكەیەكی سەربازیی لەعێراقدا ئەركەكانی خۆیان بۆ نەهێشتنی تیرۆر جێبەجێدەكەن.

ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چونى كۆبونه‌وه‌ى وه‌فدى باڵای سەربازیی عێراق‌و ئەمریکا له‌واشنتۆن تایبه‌ت به‌کۆتاییهاتن‌و گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانان له‌خاكى عێراقدا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبونەوەی وه‌فدى سەربازیی عێراق کە نوێنەری پێشمەرگەش تێیدا ئامادەبوو، لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا، لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق‌و ئەمریکا بەدواداچونی بۆ تواناکانی داعش کرد.

باس له‌وه‌شكراوه‌، لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکاو عێراق گفتوگۆیان لەبارەی تواناو هێزی سوپای عێراق کرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەعێراق‌و ناوچەکەدا.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئه‌وه‌شى وتوه‌، "کۆبونەوەی بەرپرسانی ئەمریکاو عێراق لەپێنتاگۆن ڕەنگدانەوەی پابەندبونی هەردوو وڵاتە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی ئه‌منیى دووقۆڵی لەسەر بنەمای کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکاو عێراق لەچەند مانگی ڕابردوداو وەک ڕێزلێنانێکە بۆ یادی 10 ساڵەی ئەرکی سەربازی هاوپەیمان لەعێراق".