كه‌ى موچه‌ى خانه‌نشینان هاوتا ده‌كرێت؟

ئابوری

23/07/2024‌ 3901 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وته‌بێژی یه‌كێتیی خانه‌نشینانی ھه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوای بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانى هه‌رێم، لیستی موچه‌ی خانه‌نشینان به‌ھاوتاكراوی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كراوه‌و چاوه‌ڕێده‌كرێت له‌م مانگه‌ یاخود مانگی داھاتوو، موچه‌ ھاوتا بكرێت‌و كه‌مترین موچه‌ش 500 هه‌زار دینار ده‌بێت، په‌رله‌مانتارێكى كوردیش له‌به‌غدا ده‌ڵێت:"حکومەتی هەرێم 32 ساڵە مانگانە لەسەدا 7ی موچەی لەفەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تائێستا سندوقی نەبوەو نازانرێ ئەو پارەی چی لێکردوە".


سادق عوسمان وته‌بێژی یه‌كێتیی خانه‌نشینانی ھه‌رێم لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانى ڕاگه‌یاندوه‌و وتویه‌تى:"ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ھه‌رێمه‌ دوای بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، لیسته‌كان به‌ھاوتاكراوی‌و به‌گوێره‌ى یاسای ژماره‌ نۆی 2014ی عێراقی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كراون، ئێستا له‌عێراق لیژنه‌یه‌كی ھاوبه‌ش پێكھێنراوه‌ له‌نێوان ھه‌رێم‌و به‌غدا بۆ چۆنێتیی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌و ھاوتاكردنی موچه‌ی خانه‌نشینانی ھه‌رێم له‌گه‌ڵ عێراق".

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كان، لیژنه‌كه‌ له‌ 22ی حوزه‌یران ده‌ستبه‌كاربونه‌و پێویسته‌ له‌ماوه‌ی دوو مانگدا ھاوتاكردن ته‌واوبێت‌و له‌ھه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێبكرێت، وه‌كو وته‌بێژى یه‌كێتیه‌كه‌ش جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ئه‌گه‌ر سندوقی خانه‌نشینی له‌ھه‌رێم ھه‌بوایه‌، له‌مانگی حه‌وت ھاوتاكردن جێبه‌جێده‌كرا، به‌ڵام به‌ھۆی ئه‌وه‌ی له‌به‌غدا ھه‌یه‌، پێویسته‌ عێراق ئه‌وكاره‌ له‌ئه‌ستۆبگرێت‌و ئێستا ئه‌وان موچه‌ش ده‌ده‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ بودجه‌ی بۆ ته‌رخانبكرێت‌و سندوقی خانه‌نشینی ده‌بێته‌وه‌ یه‌ك سندوق".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئێستا به‌غدا له‌موچه‌ی پێنج مانگ، 7%ی موچه‌ی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆ خانه‌نشینی‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سندوقێكى تایبه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ بڕێك پاره‌ كه‌ له‌به‌رده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا ھه‌یه‌ به‌ڵێن به‌په‌رله‌مانتارانی كورد دراوه‌ ھه‌ركاتێك یاساكه‌ له‌ھه‌رێم بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌شێكی بۆ ھه‌رێم ته‌رخانده‌كات‌و بۆ ھه‌رێم ته‌رخانده‌كرێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "بۆیه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ موچه‌ی خانه‌نشینانی ھه‌رێم له‌گه‌ڵ عێراق ھاوتا ده‌كرێت، چاوه‌ڕێده‌كرێت له‌م مانگه‌دا ھاوتا بكرێت، ئه‌گه‌رنا به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌مانگی ھه‌شتدا ھاوتا ده‌كرێت، به‌گوێره‌ى ھاوتاكردنیش كه‌مترین موچه‌ 500 ھه‌زار دینار ده‌بێت، حكومه‌تی عێراق بڕیاریداوه‌ 100 ھه‌زار دینار زیادبكرێت بۆیان، ئه‌وانه‌ی موچه‌یان له‌ملیۆنێك دینار كه‌متربێت، له‌ھه‌رێمیش جێبه‌جێده‌كرێت، بۆیه‌ كه‌مترین موچه‌ ده‌بێته‌ 600 ھه‌زار دینار كه‌ له‌كۆتایی ساڵی ڕابردوو بڕیاری لێدراوه‌ ھه‌ركاتێك جێبه‌جێبكرێت، بۆیه‌ كاری له‌سه‌رده‌كرێت‌و موچه‌ی خانه‌نشینانی ھه‌رێمیش ھاوتای عێراق ده‌كرێت".

لاى خۆیه‌وه‌ سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا ئاشكرایكردوه‌، عێراق داوای پارەی سندوقی خانەنشینی هەرێم دەکات کە نیەتی.

جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، حکومەتی هەرێم 32 ساڵە مانگانە لەسەدا 7ی موچەی لەفەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی! بەڵام تائێستا سندوقی نەبوەو نازانرێ ئەو پارەی چی لێکردوە.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی موچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێ لەسندوقی خانەنشینی عێراق موچەی خانەنشینی مەدەنی‌و سەربازیی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی ڕابردوی فەرمانبەران تەسلیمی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات! جگە لەوە وردبینی لەدۆسێی خانەنشیناندەکرێت بەتایبەت سەربازیی کە پڕە لەناموستەحەق‌و نایاسایی!".

بەگوێره‌ى یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق مانگانە 25%ی موچەی فەرمانبەران دەخڕیتە سندوقی خانەنشینی 10%ى لەموچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت‌و 15% حکومەت تەمویلی سندوقەکە دەکات.

سۆران عومه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، لەسەرەتای ئەمساڵەوە کە موچە لەعێراقەوە هاتوە ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لەموچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوەو داخڵی سندوقی خانەنشینی کردوە، عێراق موچەی خانەنشینی لەسەرەتای مانگ لەسندوقی خانەنشینی دەدات نەک لەبوجەی گشتی! ئەو سندوقەی عێراق ترلیۆنان دیناری تێدایەو وەبەرهێنانی پێدەکرێ! خانەنشین چاوەڕێناکات تاکو کۆتایی مانگ موچە دەدرێت ئەو لێبڕینی مانگانەی خانەنشینی بۆیە داوە تاکو لەخانەنشینبونیدا بەزەمانەتەوە مانگانە موچەکەی لەو سندوقە وەربگرێت".