لەتیف رەشید: ئەمڕۆ عێراق لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابورییەوه سەقامگیره

عیراق

23/07/2024‌ 234 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەرۆك کۆماری عێراق د.لەتیف جەمال رەشید جەختدەکاتەوە، عێراق بە پشت بەستن بە سەقامگیریی لەڕووی ئاسایش و سیاسی و ئابورییەوە، هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی بەشێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ وڵاتانی جیهان پەرەپێبدات.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، لەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ سێشەممە 23-7-2024 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە کریستین هوهمان باڵیۆزی ئەڵمانیای فیدراڵی، لاتیتیا ڤان ئاش هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا،  ماری ترێزە هیلال هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی کەنەدا و ئەنگۆس کلاریکسۆن راوێژکاری سیاسیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا. 
 
لەمیانەی دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ دانانی پلانێکی گشتگیر لەپێناو سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی کارگەکان و راکێشانی وەبەرهێنەران، چونکە دەرفەتی گونجاو هەیە بۆ کۆمپانیاکان تا وەبەرهێنان لە عیراقدا بکەن و پرۆژەی پەرەپێدان جێبەجێ بکەن، بە تایبەت کە لەئێستادا سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئابوری لە عێراقدا هەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەشێوەیەکی نایاب پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات و گرنگی بە پرەنسیپەکانی دەدات و وەك بنەمایەكیش بۆ یاسادانان و رێکخستنی کۆمەڵایەتی، پشتیان پێدەبەستێت. لەم بوارەشدا لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمار و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بایەخ بە سەرجەم سکاڵاکان دەدرێت و بەدواداچونیان بۆ دەکرێت.

لەلایەن خۆیانەوە، نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان خۆشحاڵی خۆیان بەو پێشکەوتنانە دەربڕی، کە لە عیراقدا بەدیهاتون و جەختیان لە پەرۆشی وڵاتەکانیان کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی عێراق.