نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بڕیارێك له‌باره‌ى عێراقه‌وه‌ ده‌دات

عیراق

24/07/2024‌ 2092 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێكخراوى نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیارێك له‌باره‌ى عێراقه‌وه‌ ده‌دات‌و ئه‌و وڵاته‌ دەگۆڕێت بۆ "ناوەندێکی" ناوچەیی بۆ بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان.


دوشەممەى ڕابردوو عێراق میوانداری کۆنفرانسێکی کرد کە تێیدا وەزیرو بەرپرسانی وڵاتانی هەرێمیی‌و عەرەبیی بەشدارییانکرد، بەئامانجی پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەش لەبواری کۆنتڕۆڵکردنی مادە هۆشبەرەکان.

لەڕاپۆرتێکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بۆ مادە هۆشبەرەکان‌و تاوانەکان هاتوە، "عێراق لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا بازرگانیکردن‌و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیانکردوە، بەتایبەتی حەبی کاپتاگۆن‌و میتامفیتامینی مادە هۆشبەرەکان".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەساڵی 2023 دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بەسەر ژمارەیەکی پێوانەیی 24 ملیۆن تابلێتی کاپتاگۆندا گرتوە کە کێشیان زیاتر لە 4.1 تۆن بوەو بەهاکەیان بەگوێره‌ى نرخی جوملە لەنێوان 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەستبەسەرداگرتنی کاپتاگۆن نزیکەی سێ هێندە لەنێوان ساڵانی 2022و 2023 سێ هێندە زیادیکردوە"، ئاماژەی بەوەشکردوە، دەستبەسەرداگرتنی ساڵی ڕابردوو لەچاو ساڵی 2019 نزیکەی 34 هێندە زیادیکردوە".

ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریداوە کە “عێراق مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە تادێت ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ سیستەمی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ڕۆژهەڵاتی نزیکدا، بەوپێیەی عێراق دەکەوێتە یەکتربڕینی ئاڵۆزیی جیهانیی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکانەوە".

لەمیانی کۆنفرانسی بەغدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "عێراق کراوەیە بۆ هەموو هاوکارییەک یان هەوڵێک لەگەڵ براو دۆستان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەوەی کە بە"تاوانێکی سنوربەزێن" وەسفیکردوە.

لەبەیاننامەیەکی کۆتاییدا، بەشداربوانی کۆنفرانسەکە پێشنیاریانکردوە میکانیزمەکانی کردەوەی هاوبەش‌و پەسەندکردنی بنەمای یەکگرتن لەکاری ئەمنیدا پەرەی پێبدرێت بەمەبەستی بڕینی ڕێگاکانی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان.