دوو دۆسته‌ له‌مێژینه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌

جیهان

24/07/2024‌ 1620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل 26ی ئەم مانگە، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی غەززەو دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبێتەوە.


ترەمپ لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئاشتی‌و سەقامگیریی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو، ڕێککەوتنی ئیبراهیمیشیان مۆرکرد، چاویشی لەوەیە فراوانتری بکەن.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، تاکە کەس بتوانێت کۆتایی بەشەڕو ململانێ سەربازییەکانی جیهان بهێنێت، خۆیەتی نەوەک کامالا هاریس.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل‌و حەماس، لەئەمریکایە.

سەردانی ئەمجارەی ناتانیاهۆ جیاوازە، چونکە وڵاتەکەی لەشەڕدایەو ئەمریکاش هەڵبژاردنی لەپێشەو لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورەدایەو بڕیاروایه‌ 26ی ئەم مانگە هەردوو دۆستی لەمێژینە، ناتانیاهۆو ترەمپ یەکتر ببینن.

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، "ملیۆنان کەس بەهۆی جەنگ‌و ململانێ سەربازییەکانەوە دەمرن، تەنها خۆی دەتوانێت ئەمە ڕاگرێت، نەوەک کامالا هاریس".

دۆنالد ترەمپ دەشڵێت:"ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ئامانجی فراوانکردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیمییە، ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لە 15ی ئەیلولی 2020، لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا مۆرکرا".

ئەم ڕێککەوتنەش کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکەش هەبوو تاوەکو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا لە 22ی کانونی یەکەمی 2020، مەغریب پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە، دواتریش لە 6ی کانوونی دوەمی 2021 سودان‌و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاساییکردەوە.

ڕێککەوتنی ئیبراهیمی، بەهەرسێ زمانی ئینگلیزی، عەرەبی‌و عیبری نوسراوە. ئەم ڕێککەوتنەش چەند ئامانجێکی هەیە، لەوانەش کۆتاییهێنان بەشەڕو ململانێکان، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل‌و وڵاتانی عەرەب‌و دەستەبەرکردنی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.