ئێران‌و ڕوسیا ڕێککەوتننامەیەکی مێژویی واژۆدەکەن

جیهان

24/07/2024‌ 1838 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاندرێ ڕودێنکۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕوسیاو ئێران ئامادەکاریەکانیان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی هەمەلایەنەی نێوان هەردوو وڵات تەواوکردوە.


ڕودنکۆ بەئاژانسی "تاس"ی ڕوسیی ڕاگەیاندوە، دەقی کۆتایی ڕێککەوتنەکە لە21ی حوزەیران دوای ڕاوێژکارییەکی بەرفراوان لەنێوان پسپۆڕانی بەشی یاسایی هەردوو وڵات پەسەندکرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردولا ڕێککەوتون لەسەر دەستپێکردنی ڕێکارە ناوخۆییەکان بۆ ئامادەکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ واژۆکردن لەکاتی نزیکترین کۆبونەوەی ئاست بەرزدا، هیوای خۆیشی دەربڕی کە ئەم ڕوداوە مێژوییە بەمنزیکانە ڕوبدات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کارکردن لەسەر داڕشتنی بەڵگەنامەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ‌و نیو بەردەوامبوە.

ڕودێنکۆ ئاماژەی بەوەدا، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆک کۆماری ڕوسیا، ئامادەیی تارانی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەمیانی کۆبونەوەی لوتکەی بریکس لەشاری کازان لەئۆکتۆبەری داهاتوی ڕوسیا پشتڕاستکردەوە.