بەغدا باجەکانی بە هەر‌ێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە یان بانگەشەی هەڵبژاردنە؟

ڕاپۆرت

24/07/2024‌ 1310 جار خوێندراوه‌ته‌وه


حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی چەند جۆرە باجێك. عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت، عێراق ئەو باجانەی بە حكومەتی هەرێم هەڵوەشاندۆتەوە. یوسف محەمەد، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، ئێستا پێویستە هەمو ئەو باجانەی كە نادەستوریین لاببرێن.

بەپێی نوسراوێكی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی  حكومەتی هەرێم، كە ڕۆژی سێشەممە، ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كراوە، لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی باج لە چێشتخانەو هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، سەمونخانەو نانەواخانەکان و هەروەها باجی سەر زەویی بەتاڵ و زەویی بینا لەسەر نەكراو، رادەگیرێت.

عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەبارەی بڕیارەكان و نوسراوەكەوە وتویەتی"قسەی ئێمە ڕاست دەرچو، دەرکەوت هەمو ئەو باجەی لە ڕابردودا لە خەڵکتان وەرگرت، نایاسایی بو، عێراق پێی هەڵوەشاندنەوە، باج دەبێت بەیاسا بێت، ئەم نوسراوە سلمێنەری قسەی ئێمەیە."

پێشتر شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەکی نێو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە زانیاریی ئەوەی بڵاوکردەوە، مەسرور بارزانی بەنووسراوی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ژمارەیەک باجی راگرتووە.

سەرچاوەکەی شارپرێس دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێم کردووە ئەو باجانە رابگرن لەهەرێمی کوردستان تا لیژنەیەکی هاوبەش ئەو باجانە ڕێکدەخاتەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا.

دەشڵێت، ئەو باجانە کە لەهەرێم وەردەگیرێن لەبەغدا زیاترن و لەداهاتوودا باجەکانی دیکەش ڕێکدەخرێنەوە.

هاوكات یوسف محەمەد، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە وتویەتی"ھەمو ئەو باج و رەسمانەی لە دەرەوەی یاساو بەڕینمایی دانراون نادەستورین. بڕیارەکە بۆ لابردنی ھەندێک لەو باجانە ئەگەرچی وادیارە بۆ بانگەشەی ھەڵبژادنە، بەڵام ھەنگاوێکی سەرەتایی باشە."

بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان چەندین ڕسووماتی دیکە هەن کە هاوتای بەغدا نین و لە هەرێمی کوردستان زیاتر وەردەگیرێت وەك لەو ڕسوماتەی لە بەغدا هەیە، بە نمونە ڕسووماتەکانی هاتووچۆ و فەرمانگەی تاپۆ، کە سەرجەم هاووڵاتیان کاتێك دەگەنە ئەو دوو فەرمانگەیە، داد و بێدادیانە بەدەست زۆری نرخی ڕسوماتەکانەوە.