بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌مریكا وه‌ڵامێكى توندى ئیسرائیل ده‌داته‌وه‌

جیهان

25/07/2024‌ 2007 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌مریكا وه‌ڵامێكى توندى ئیسرائیل ده‌داته‌وه‌و بەرگریی لەدەزگای فریاگوزاریی‌و کارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین ناسراو به‌(ئۆنروا) کردو بەتوندی ڕەخنەی لەڕەشنوسی یاسایه‌كى ئیسرائیل گرت کە بە(ڕێکخراوێکی تیرۆریستی) وەسفیكردوه‌.


ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئۆنروا ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییەو داوا لەحکومەتی ئیسرائیل‌و کنێست دەکەین پەسەندکردنی ئەم یاسایە ڕابگرن.

میله‌ر هێرشەکانی حکومەتی ئیسرائیلى بۆسەر ئۆنروا بەتەواوی بەناپێویست زانی، چونکە وتى:"ئەوان هاوکاریی مرۆیی بەخەڵکی مەدەنی لەغەززە دەگەیەنن، واشنتۆن بەردەوامە لەپشتیوانیی کارەکانی ئاژانسەکە".

دوشەممەى ڕابردوو پەرلەمانی ئیسرائیل لەخوێندنەوەی یەکەمدا ڕەشنوسی یاسایەکی پەسەندکرد کە دەزگای نەتەوەیەکگرتوەکان وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێنکردو پێشنیازی پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا دەکات، بەڵام دەقەکە خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوەی زیاترەوە.

ئۆنروا زیاتر لە 30 هەزار کارمەندی هەیە کە خزمەت بە 5.9 ملیۆن فەڵەستینی دەکەن لەناوچەکەداو ئیسرائیل تۆمەتباری دەکات بەدامەزراندنی "زیاتر لە 400 تیرۆریست" لەکەرتی غەززە.

ئەمریکاش دوای ئەوەی تۆمەتەکانی ئۆنروای لەلایەن ئیسرائیلەوە پێگەیشت، بەشدارییە داراییەکانی بۆ دەزگاکە ڕاگرت، هەرچەندە تێوەگلانی بەشێک لەکارمەندانی ئۆنروا لەهێرشەکەی حەماس لەحه‌وتى ئۆکتۆبەردا تائێستا نەسەلمێندراوە، لەوکاتەوە، یاسای ئەمریکا واشنتۆنی قەدەغەکردوە کە پارە بۆ ئاژانسەکە دابین بکات، بەڵام لەبەرامبەردا چەند وڵاتێک دەستیانکردوە بەگەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو دەزگایە، لەوانە شانشینی یەکگرتوو، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا، سوید، ژاپۆن‌و فەرەنسا.