تره‌مپ هێرشێكى قورس ده‌كاته‌سه‌ر كامالا هاریس

جیهان

25/07/2024‌ 2925 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرەڕای ئەوەی تائێستا کامالا هاریس وەک کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لێدوان‌و هێرشکردنەسەر یەکتری لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان‌و کاماڵا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دەستیپێکردوە.


ترەمپ له‌نوێترین لێدوانیدا ده‌ڵێت:"کامالا دەست بۆ هەر شتێک ببات وێرانی دەکات"، له‌وه‌ڵامى ئه‌م لێدوانه‌دا، کامالا وتویه‌تى، "ترەمپ کەسێکی فێڵبازەو هەوڵدەدات ئەمریکا بەرەو دواوە ببات".

تائێستا بەتەواوی دوو کاندیدە سەرەکییەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستنیشان نەکراون، بەڵام ئەگەری زۆرە پێشبڕکێیەکە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکاو کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە بێت، سەرەڕای ئەوەش ‌‌هێرش‌و لێدوانی توندی ترەمپ‌و هاریس دەستیپێکردوە.

دۆناڵد ترەمپ کاندیدی دیموکراتەکان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەیەکێک لەبانگەشەکانی بەکامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، وەک بەردێک گەمژەیە و وەک شێتیش پێدەکەنێت.

دەشڵێت:"لەڕێگەی هەواڵی نادروستەوە هەوڵدەدەن کامالا هاریس کە جێگرێکی شکستخواردوی سەرۆکی ئەمریکا بوە، بیکەن بەسەرۆکێکی مەزن، دەست لەهەر شتێک بدات وێرانی دەکات، بەراورد بەجۆو بایدن شکستپێهێنان بەکامالا هاریس لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئاسانتر دەبێت".

لەبەرامبەردا کامالا هاریس، دەڵێت:"ڕوبەڕوی چەندان تاوانبار بومەتەوە، وەک کەسانێک بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ ئافرەتان کردوە، کەسانی فێڵباز کڕیارانیان فریوداوە، دەزانم دۆناڵد ترەمپ چ جۆرە کەسێکە".

هاریس ئاشکرایدەکات، زانکۆکەی ترەمپ قوتابیەکانی فریوداوەو هەروەها 34 تۆمەتی تاوانی فریودانی بەسەر ساغبوەتەوە، ترەمپ هەوڵدەدات وڵاتەکەمان بەرەودواوە ببات، ئەجێنداکەی لەپڕِۆژەی 2025 چینی مامناوەند لاواز دەکات".

بڕیارە لە 5ی تشرینی دوەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ڕاپرسییەکان دەریدەخەن دۆناڵد ترەمپ، زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە.