توركیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى قورس له‌ڕۆژئاواى كوردستان‌و داگیركردنى نه‌وته‌كه‌ى ده‌كات

کوردستان

25/07/2024‌ 3640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چەند هەنگاوێکی هەن دەبێت بەهەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی سوریا بیهاوێژین لەوانە پرسی ئاسایشی سنور، بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو گەڕاندنەوەی پەنابەران"، ده‌شڵێت:"ده‌بێت ئه‌و نه‌وته‌ى داگیركراوه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكى سوریا".


لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی هاکان فیدان ئاماژه‌یكردوه‌ به‌هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنكەرەو دیمەشق‌و وتویه‌تى، "تورکیا هاوشێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریاش ئاسایی بکاتەوە".

وتویه‌تى، "سەرۆکی تورکیا لەبەرزترین ئاستی سیاسیدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو پرسەکان بۆ چارەکردنی کێشەو ناکۆکییەکانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن، ئەمەش داواکارییەکی گرنگ‌و بەنرخە، هەربۆیە پێویستە کۆبونەوەو گفتوگۆ بۆ چارەکردنی کێشەکان بکرێت".

به‌وته‌ى فیدان، "لەساڵی 2017وە لەڕێگەی چەند کەناڵێکەوە ئەنكەرەو دیمەشق گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان هەبوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆپۆزسیۆن‌و ڕژێمی سوریا، ماوەی شه‌ش بۆ حه‌وت ساڵە ئارامی‌و سەقامگیریی دەرفەتی بەڕژێمی سووریا داوە بۆ زاڵبون بەسەر هەندێک لەئاڵنگارییە سیاسییەکان‌و چارەکردنی کێشەکانی ژێرخانی‌و ئابوریی وڵاتە، هەربۆیە ئێستا دەبێت ئەم دۆخە کاتییە بۆ دۆخێکی هەمیشەیی بگۆڕین".

فیدان سه‌باره‌ت به‌ئیدارەی خۆسەر له‌ڕۆژئاواى كوردستان، نیازى په‌لاماردانى نه‌شاردوه‌ته‌وه‌و وتویه‌تى، "دەبێت سوریا لەو چه‌كدارانه‌ پاکبکرێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچە عەرەبیانییەی پەکەکە داگیریکردون، پەکەکە دەستی بەسەر دامەزراوە نەوتییەکاندا گرتوە، ئەمەش واتە داگیرکردنی سەرچاوەی بژێویی‌و داهاتی خەڵکی سوریا".

هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شیكردوه‌، "پێویستە شەڕی ئەو گروپە بکرێت بۆ ئازادکردنی ناوچە نەوتییەکان‌و سەرچاوەی وزەی‌و گەڕاندنەوی بۆ خەڵکی سوریا، چونکە بەدڵنیاییەوە پەکەکە فرۆشتنەوەی بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانەو داهاتەکەی شەڕی دژی خەڵکی سوریاو حکومەتی تورکیا کردوە".