بەگەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات چارەنوسیی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا چیان به‌سەردێت؟

جیهان

25/07/2024‌ 1442 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەبارەت بەچارەنوسی ئەو هاوکارییە سەربازیی‌و داراییانەی کە ئۆکرانیا لەئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی وەریدەگرێت، ڕۆژنامەی “کۆمسۆمۆلیتی مۆسکۆڤسکی” ڕوسیی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوه‌تەوەو تێیدا بۆچونی چەند شرۆڤەکارێکی سیاسیی‌و سەربازیی لەوبارەیەوە وەرگرتوە.


ڕۆژنامەکە دەڵێت:"شرۆڤەکارانی سیاسیی ئۆکرانیا دەڵێن، کشانەوەی بایدن لەکێبڕکێی سەرۆکایەتی، "لەیەککاتدا هەم شتێکی باشەو هەم شتێکی خراپە"، بەوپێیەی لەلایەک ترامپ دوای بون بەسەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت دەستبکات بەبەهێزکردنی پڕۆسەی ئاشتیی کە ئەمە کارێکی باشە، لەهەمانکاتدا دەستبکات بەخاوکردنەوەی دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیاو ئەمەش بۆ ئۆکرانییەکان کارێکی خراپ‌و مەترسیدارە.

لەوبارەیەوە، ئەناتۆلی ماتڤیچوک شارەزای سەربازیی ئۆکرانی باسی لەوەکردوە، دۆخەکە بۆ کیێڤ زۆر نەرێنییە، پێش هەموو شتێک، چونکە ئەوکەسانەی لەواشنتۆن کێشەکانی کیێڤ چارەسەردەکەن، گۆڕەپانی سیاسیی بەجێدەهێڵن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئۆکرانیا  وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی بازرگانی ئەمریکییە کە ئەمریکییەکان پارەی لێ پەیدا دەکەن، بێگومان ئەمە پەیوەندی بەکەمکردنەوەی قەبارەی دابینکردنی چەکەوە نییە بۆ کیێڤ، بەوپێیەی بەبێگوێدانە ئەوەی کە کێ لەئەمریکا دەسەڵات دەگرێتە دەست، کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکی سەرچاوەیەکی گەورەی دابینکردنی داهاتە، بۆیە هیچ کەسێک ناتوانێت دەستی بۆ بەرێت".

دەشڵێت:"سەبارەت بەزێلێنسکی بەشێوەیەکی تایبەتیی کشانەوەی بایدن جێگەی نیگەرانییە، چونکە زێلێنسکی ڕێزی زۆری بۆ ترەمپ نەبوو، ڕەخنەی لێگرت‌و ناوبانگی لەکەدارکرد".

سەبارەت بەوەی کە زێلێنسکی دەتوانێت چی پێشکەش بەترەمپ بکات دەڵێت، "گومانم وایە سازشی ئابوریی بۆ ئەمریکا دەکات، کە مەبەست له‌فرۆشتنی سەروەت‌و سامانی ئۆکرانیایە - پیشەسازی، ئابوری، کەرەستەی خاو - بەکۆمپانیای بلاک ڕۆک‌و کۆمپانیاکانی تری وەبەرهێنانی ئەمریکی، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئۆکرانیا وەک دەوڵەتێک بەتەواوی بونی نامێنێت، بەڵکو هەندێک سنوری ناجێگیری دەبێت، بەڵام سەربەخۆیی تەواوی نابێت".