بەگوێره‌ى نوێترین ڕاپرسیی: هاریس پێش ترەمپ دەکەوێت

جیهان

25/07/2024‌ 370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپرسییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز-ئیپسۆس ئاشکرایکردوە، کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەدوو خاڵ لەپێش دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بوە، دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کشایەوەو پشتگیریی لەکاندیدکردنی هاریس کرد.


ڕاپرسییەکە دوشەممەو  سێشەممە، دوای کۆنفرانسی نیشتمانیی کۆمارییەکان ئەنجامدرا کە تیایدا ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە بەفەرمی کاندیدکردنی پارتەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا قبوڵکرد، هەروەک دوای ئەوەی بایدن ڕۆژی یەکشەممە کشانەوەی خۆی لەهەڵبژاردنەکان‌و پشتیوانی لەهاریس ڕاگەیاند.

بەگوێره‌ى راپرسییەکە، هاریس بەڕێژەی 44% بۆ 42% پێش ترەمپ کەوتوە، ڕاپرسییەکە بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدراوە‌و 1241 ئەمریکی لەخۆگرتوە کە مافی دەنگدانیان هەیە، لەنێویاندا 1018 دەنگدەر تۆمارکراوە.

هاریس‌و ترەمپ لەڕاپرسییەکدا کە لەڕۆژانی 15و 16ی تەمموز ئەنجامدرا، هەریەکەیان بەڕێژەی 44% یەکسانبون، لەبەرامبەردا ترەمپ لەڕاپرسییەکدا کە لەیه‌ك‌و دوى ئەم مانگەدا ئەنجامدرا، بەڕێژەی یەک خاڵ پێشکەوت.

ڕاپرسییە نیشتمانییەکان نیشاندەری گرنگ بۆ پشتیوانیی ئەمریکییەکان بۆ کاندیدەکان دەخەنەڕوو، بەڵام کۆمەڵێک ویلایەتی ڕاڕا، بەزۆری ئەنجامەکانیان لەکۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا یەکلایی دەبێتەوە، کە لەکۆتاییدا براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یەکلایی دەکاتەوە.