ئەمریکا خولێک بۆ وتەبێژانی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە

کوردستان

25/07/2024‌ 414 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەئەمریکا خولێک بۆ 11 وتەبێژی دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و تێیدا باس لە چۆنێتی مامەڵەی حکومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ میدیاکاندا دەکرێت.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر لەراگەیەندراوێکدا دەڵێت، زۆر خۆشحاڵین کە ئەم هەفتەیە 11 وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتدەکەن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیی ئەمریکیی سەرکردەی سەردانکەرانی نێودەوڵەتی کە بە ئای ڤی ئێڵ پی (IVLP) ناسراوە.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ڕێی پڕۆگرامەکەوە ئاشنا دەبن بەوەی حکومەتی ئەمریکا چۆن پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا بەڕێوەدەبات. هەروەها زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگرن کە چۆن حکومەتی فیدراڵ و حکومەت لەسەر ئاستی ویلایەتەکان و حکومەتە خۆجێییەکان زانیاریەکانیان دەدەنە ڕاگەیاندنەکان و هاووڵاتیان بە گشتی.

رونیشیکردووەتەوە، ئەم پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕە بەشێکی بنەڕەتیی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ باشترکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا.

ئەوە لەکاتێکدایە زۆری دەزگاکانی راگەیاندن لەهەرێمی کوردستان تووشی کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە بەهۆی پێنەدانی زانیاری پێیان لەلایەن وتەبێژەکانەوە یان وەڵامنەدانەوەی پەیوەندی و پرسیارەکانیان، یان هەڵاواردنی میدیاکان بەتایبەت سەربەخۆو ئۆپۆزسیۆنەکان له کۆنگرە ڕۆژنامەوانی و چالاکییەکان و قۆرخکردنی بۆ میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات.