هەوڵی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆی لایەنەکانى ڕۆژئاوای کوردستان هەیە

کوردستان

25/07/2024‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه



مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لەبەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەى بە گۆڕانکارییەکى نوێ لە پەیوەندی بە گفتوگۆی لایەنە سیاسیە کوردییەکانى رۆژئاوای کوردستانەوە کردوە.

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانى نێوان لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە و ئەوانیش پێشوازی لەو داواکارییە دەکەن و بە گرنگی دەزانن.

ئاماژەى بەوەشکردوە، هەوڵی نوێ هەیە بۆ دەستپێکردنەوەى ئەو گفتوگۆیانە لەنێوان لایەنەکانى ڕۆژئاوای کوردستان.

گفتوگۆکانی نێوان لایەنە کوردییەکانى ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ وە دەستی پێکرد و تا ساڵی ٢٠٢٠ چەند جارێک گفتوگۆ و دانووستان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی دەستوەردانەکانى دەوڵەتى تورک و پەدەکە لەو گفتوگۆیانە و هاندانى ئەنەکەسە دانووستانەکان شکستیان هێنا.

لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ٣٥ حزب و لایەنى سیاسی هەیە، چەند لایەنێکی کەم لە کەمتر لە چوار پارتى سیاسین لە چوارچێوەی ئەنەکەسەکەدا کۆبوونەتەوە و پاڵیان داوە بە پەدەکە و دەوڵەتى تورکەوە و ناھێڵن یەکگرتوویی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان درووست ببێت.