بۆچی ئەڵمانیا مزگەوتە شینەکەی داخست؟

جیهان

25/07/2024‌ 943 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەڵمانیا رێوشوێنی نوێ دژی بەشێكی رێكخراو و ناوەندە ئاینییەكان و مزگەوكات لە وڵاتەكەی دەستپێدەكات كە چەندین تۆمەتیان ئاراستە كراوە.

دەوڵەتی ئەڵمانیا ڕێكخراوێكی ئیسلامی قەدەغە كرد كە بنكەكەی لە شاری هامبۆرگ بووە و تۆمەتبار بوو بە بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیای ئێران و پشتیوانی لە حزبوڵای لوبنان.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ڕایگەیاندووە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە دەیان پۆلیس هەڵیانكوتایە سەر مزگەوتێكی  بەناوبانگی ئەو شارە كە بە مزگەوتی شین ناسراوە‌و لەلایەن ناوەندی ئیسلامییەوە بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن ئێرانەوە سوودی لێوەرگیراوە.

قەدەغەكردنەكە دوای پشكنینی بەرفراوان دێت، لە كاتێكدا نانسی وایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، ئەو كەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە "گومانە جدییەكانیان پشتڕاستكردووەتەوە تا ئەو ڕادەیە كە وای لێكردن فەرمانی قەدەغەكردن دەربكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد، سەنتەرەكە "ئایدۆلۆژیایەكی ئیسلامی توندڕەو و تۆتالیتار لە ئەڵمانیا" بەرەوپێش دەبات، لەكاتێكدا ئەو و ڕێكخراوە لقەكانی  پشتگیری لە حزبوڵڵا دەكەن و دژە جوولەكەگەرایی بڵاودەكەنەوە".

ئەو ڕوونیكردەوە كە بڕیارە 4 مزگەوتی شیعە لە ئەڵمانیا دابخرێن، دەسەڵاتدارانیش دەستیان كردووە بە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ناوەندەكە.

ئەم ناوەندە كە مزگەوتێكی لە شاری هامبۆرگ بەڕێوەدەبات، ماوەیەكی زۆرە لەژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی ئەڵمانیادایە.