لیژنەی دارایی هێرشی توند دەکاتە سەر بانکی ناوەندیی

عیراق

26/07/2024‌ 988 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هێرشی توند دەکاتە سەر بانکی ناوەندیی بەوەی ڕێکارەکانیان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار لە بازارەکانی عێراق هیچ ئەنجامێکی راستەقینەی لێنەکەوتۆتەوە، باسی لەوەشکردووە کە عەلی عەلاقی پارێزگاری بانکی ناوەندیی تەمەنی یاسایی بەسەرچووە و دەبێت بگۆڕدێت.

محەمەد نووری، ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بانکی ناوەندیی عێراق هێشتا بەردەوامە لەسەر ڕێکارە هەڵەکانی کە هیچ کاریگەرییەک و هیچ ئەنجامێکی ڕاستەقینەیان لە گۆڕینی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقدا بەدەست نەهێناوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنیی لەسەر واقیعی عێراق هەبووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە”
.
هەروەک دەڵێت: وەک لیژنەی دارایی کار لەسەر ئەو دۆسییەیە دەکەن، جا بە لێپرسینەوە یان گۆڕینی بانکی ناوەندیی بێت بەهۆی تەمەنی یاساییەوە، بەوپێیەی تەمەنی یاسایی بەسەرچووە کە ئەوەش سەرپێچی یاسای راژەی مەدەنییە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەران چەندین بابەت هەیە گفتوگۆی لەسەر دەکات، بەتایبەت دۆسیەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئەوە جگە لە کۆنترۆڵکردنی بانکە بیانییەکان کە خاوەن سەرمایەی بیانیی خاوەندارێتیی دەکەن،  ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی مەترسیی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانیی و ئابووریی عێراق.