ئه‌و دایك‌و كچه‌ى له‌سلێمانى كه‌سێكیان به‌چه‌قۆ كوشت ده‌ستگیركران

کوردستان

27/07/2024‌ 2379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پۆلیسی سلێمانی ورده‌كاریى ڕوداوێكى كوشتن له‌شاره‌كه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "دوو كه‌سیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ به‌چه‌قۆ ئه‌وكه‌سه‌یان كوشتبوو كه‌ بۆ سه‌ردانیان چوبوه‌ ماڵیان".


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكردوه‌، "دوای ئەوەی شەوی پێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر هه‌ینى کەسێک بەسەردان دەچێتە ماڵێک لەگەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، دواتر لەماڵەکەدا لەگەڵ دوو کەسی تردا دەبێتە شەڕو دەماقاڵێی، لەئەنجامدا کەسەکە بەچەقۆ بەسەختی بریندار دەکرێت‌و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانلەدەستدەدات، تۆمەتباران بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن".

پۆلیسی سلێمانی وتویه‌تى:"دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕوداوەکەو ئەنجامدانی کەشف‌و هێڵکاری بۆ شوێنی ڕوداوەکە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیان پێکرد، سەرئەنجام‌و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان‌و بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانییەوە بدۆزرێنەوە‌و دەستگیربکرێن".

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى پۆلیسى سلێمانى، "لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار کە دایک‌و کچن، بەبڕیاری دادوەرو بەگوێره‌ى مادەی 405 لەیاسای سزادان ڕاگیراون‌و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامە".