سودانى پرسێكى گرنگ‌و هه‌ستیار له‌نێوان كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان یه‌كلاده‌كاته‌وه‌

کوردستان

27/07/2024‌ 4113 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌مانگێكى دیكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق پرسێكى گرنگ له‌نێوان كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان یه‌كلاده‌كاته‌وه‌، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیش زانیاریى گرنگ له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌.

 
ئەحمەد کۆپرلو ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەفراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو وتویه‌تى، "هەفتەى داهاتوو محەممەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران لەگەڵ نوێنەرانى تورکمان لەئەنجومەنى پارێزگا کۆدەبێتەوەو تاووتوێى پرسی پێکهێنانى حکومەتی خۆجێیی کەرکوک دەکەن".

بەرەى تورکمانى یەکگرتوو لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگا دوو کورسیی ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى بەدەستهێناوە، کۆپرلو-ش وتى، "کۆبونەوەکە گفتوگۆ دەبێت لەسەر دۆخى دانوستاندنەکان‌و ڕێککەوتن".
 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێنجشەممەى ڕابردوو، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەى عەرەب لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوەوە.
 
سەلوا ئەحمەد ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی‌و یەکێک لەبەشداربوانی کۆبونەوەکە وتویه‌تى:"سەرۆک وەزیران پێیڕاگەیاندون لەماوەیەکی نزیکدا بەجیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی کوردو تورکمان لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە".
 
11ى تەمموز ئەنجومەنى پارێزگا یەکەم کۆبونەوەى کرد، بەگوێره‌ى یاسا دەبێت لەماوەى 30 ڕۆژدا پارێزگار هەڵبژێردرێت.
 
تورهان موفتى ڕاوێژکارى سودانى بەمیدیای فەرمیى عێراقى ڕاگەیاندوە، لە 20 ڕۆژى داهاتودا پرسی پۆستى پارێزگارى کەرکوک یەکلادەبێتەوە.
 
یەکێک لەسیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان ئەوەیە پۆستى پارێزگار لەنێوان کوردو عەرەب بەنۆرە بێت، بەوتەى تورهان موفتى پێشبینیدەکرێت پۆستەکە بەو شێوەیە بەڕێوەببرێت، کە خاڵى گرنگ لەپێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی‌و نەرمى نواندن بۆ پۆستەکانى دیکە هەیە.