له‌عێراق موشه‌كبارانى هاوپه‌یمانان كرایه‌وه‌

عیراق

27/07/2024‌ 1310 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەماوەی کەمتر لەدوو هەفتەدا، بۆ جارى دوەم، بنکەی عەین ئەسەدى هاوپه‌یمانان لەڕۆژئاوای عێراق کرایەوه‌ ئامانج‌و بەموشەک لێی درا، سه‌رچاوه‌ عێراقیه‌كانیش زانیاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كه‌ن.


جارێکی دیکە بەموشەک هێرشکرایەوه‌سەر بنکەی عەین ئەسەد لەڕۆژئاوای عێراق، ئەم هێرشەش لەکاتێکدایە 23ی تەمموز هەردوو وه‌فدى وەزارەتی بەرگریی عێراق‌و ئەمریکا لەواشنتۆن کۆبونەوەو جەختیان لەبەردەوامیی هەماهەنگی نێوانیان کردەوە، سه‌رچاوه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌و كۆبونه‌وه‌دا بەهیچ شێوەیەک باس له‌کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق نەکراوه‌.

کەمتر لەدوو هەفتەو بۆ دوەمجار، بنکەی عەین ئەسەد لەڕۆژئاوای عێراق کرایە ئامانج‌و ئەمجارەیان بەموشەک لێی درایه‌وه‌، بەڵام بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی عێراقی‌و ئەمریکی، هیچ زیانێکی گیانی نەبوەو بنکەکەش زیانی بەرنەکەوتوە.

دەستپێکی هێرشی گروپە چەکدارەکان لەعێراق‌و سوریاو ئوردن، بۆ سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا، دوای شەڕی ئیسرائیل‌و حەماس بوو، ئەوەش وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەڵەستین.

لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 25ی تەمموز، زیاتر لە 170 هێرشکراونەتەسەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەهەرسێ وڵاتی عێراق، سوریاو ئوردن.

لەو ژمارەیەش 71 هێرشیان لەعێراق بون، بۆسەر بنکەکانی ‌عەین ئەسەد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو هەریر، زیاتر لە 100 هێرشی دیکەشیان لەسوریا کردوەتەسەر هەریەک لەکێڵگەی کۆنیکۆ، کێڵگەی عومەر، بنکەکانی شەدادێ، تەنف، رمێلان، تەل بەیدەرو تەل تەمر، هێرشێکی دیکەشیان لەئوردن بوو، کە بەدرۆن بنکەی تاوەر 22یان بۆردومانکرد، لەم هێرشەشدا زیانێکی زۆری گیانی هەبوو، بەهۆیەوە 50 سەربازی ئەمریکی بونە قوربانی.