ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌رى كورد له‌نێوان فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا بێسه‌روشوێنن

کوردستان

27/07/2024‌ 8010 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چالاكوانێكى كورد له‌یۆنانه‌وه‌ زانیاریى له‌باره‌ى بێسه‌روشوێن بونى ژماره‌یه‌كى زۆر كۆچبه‌رى كورد له‌ئاوى نێوان فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ژماره‌ى ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ 60 كورده‌و هیچ زانیارییه‌كیش له‌باره‌یانه‌وه‌ نییه‌".


ڕه‌نج پشده‌رى چالاكوانى مافه‌كانى كۆچبه‌ران له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى، "ژمارەیەک کۆچبەری کورد لەکاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ دوای دەرچونیان لەفەرەنساوه‌ بۆ بەریتانیا، دەنگیان نەماوەو ژمارە زیاتر لە60 کۆچبەرە".

ده‌شڵێت:"کۆچبەرەکان چوارى بەیانی دەرچون لەفەرەنساوە بۆ بەریتانیا، بەڵام بەهۆی زۆری کۆچبەرەکان ماوەی هەشت کاتژمێرە تائێستا نەگەیشتونەتە شوێنی خۆیان، بەگوێره‌ى وته‌ی کەسوکاریشیان، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ پێیانڕاگه‌یاندون‌و نامه‌یه‌كى ده‌نگی زۆریان بۆ ناردون‌و وتویانە، بەدەوری خۆماندا دەسوڕێینه‌وه‌و ناتوانین لەوە زیاتر بڕۆین، داوای فریاگوزاریان کردوە".

ئاشكراشیده‌كات، "تەنها ئەمڕۆ زیاتر لەشه‌ش چوپی کۆچبەران لەلایەن هێزی دەریاوانی فەرەنساوه‌ ڕێگرییان لێکراوە".